ئیسرائیل گەڕاندنەوەی دوا تەرمی بارمتە كوژراوەكانی راگەیاند

:: PM:06:16:26/01/2026 ‌

ئەمڕۆ دووشەم سوپای ئیسرائیل دۆزینەوەی دوایین تەرمی بارمتە كوژراوەكانی لە باكوری كەرتی غەزە راگەیاند، بەوەش دوا بەربەست لەبەردەم دەست پێكردنی دووەم قۆناغی رێككەوتنی غەزە نەما، هاوكات دەبێت دەروازەی رەفەح بەرەو كەرتی غەزە بكرێتەوە.

كابتن ئیلا گوتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیل لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رای گەیاند، دوای تەواوبوونی رێوشوێنەكانی ناسینەوەی تەرمی رفێنراوە كوژراوەكە لە لایەن ناوەندی نیشتمانیی پزیشكی داد، سوپای ئیسرائیل داوای لە ماڵباتی رفێنراو ران جفیلی كردووە كە تەرمی رۆڵەكەیان گەڕێندراوەتەوە و دێتە ناشتن، بەوەش تەواوی رفێنراوان و تەرمی كوژراوانیان لە كەرتی غەزە گەڕێندراونەتەوە.

لای خۆیەوە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند كە وەك بەڵێنمان دابوو تەواوی رفێنراو و تەرمەكانمان گەڕاندەوە، ئەوە دەسكەوتێكی سوپای ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیل و هاووڵاتییانیەتی، لە بەرانبەردا بزووتنەوەی حەماس رای گەیاند كە دۆسیەی ئاڵوگۆڕكردنی گیراو و بارمتەكانی  بەتەواوەتی داخرا و لە پابەندبوون بە ئاسانكردنی كاری لیژنەی ئیدارەدانی غەزە و سەرخستنی بەردەوام دەبن.

شایەنی باسە شەڕی غەزە لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 دەستی پێ كرد، لە 10ی تشرینی یەكەمی 2025 بە رێككەوتنێكی ئاگربەست كۆتایی هات، كە یەكەم قۆناغی ئەمڕۆ بە دۆزینەوەی تەرمی دوایین بارمەتی مردووی ئیسرائیل كۆتایی هات و قۆناغی دووەمی دەست پێ دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل