دوای ئەوەی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە دوایین تەرمی بارمتە كوژراوەكانی لە باكوری كەرتی غەزە دۆزیوەتەوە، بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلە جێبەجێكردنی دووەم قۆناغی رێككەوتنی غەزە دەست پێ بكات، كە تیایدا چەكی بزووتنەوەی حەماس دێتە داماڵین.
نەتنیاهۆ لە وتەیەكی رای گەیاند، لە بەرژەوەندیی ئێمەیە بچینە ناو دووەم قۆناغی رێككەوتنی غەزە، پێشتریش رای گەیاند كە وەك بەڵێنمان دابوو تەواوی رفێنراو و تەرمەكانمان گەڕاندەوە، ئەوە دەسكەوتێكی سوپای ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیل و هاووڵاتییانیەتی.
بەر لە دوو هەفتە ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی كۆشكی سپی دەست پێكردنی دووەم قۆناغی رێككەوتنی غەزەی راگەیاند، هاوكات سەرۆكی ئەمەریكا خەریكی پێكهێنانی ئەنجوومەنی ئاشتییە بە سەرۆكایەتیی خۆی، گوشاری لە ئیسرائیل كرد بۆ دەست پێكردنی دووەم قۆناغی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە غەزە، كە ئەویش لە چەند هەنگاوێك پێك هاتووە لەوانە داماڵینی چەكی حەماس و ئاوەدانكردنەوەی غەزە.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس رای گەیاند كە دۆسیەی ئاڵوگۆڕكردنی گیراو و بارمتەكانی بەتەواوەتی داخرا و لە پابەندبوون بە ئاسانكردنی كاری لیژنەی ئیدارەدانی غەزە و سەرخستنی بەردەوام دەبن.