حەمید شەتری: ژمارەی چەكدارانی داعش لە سووریا 10 هێند زیادی كردووە

:: PM:07:08:26/01/2026 ‌

ئەمڕۆ دووشەم حەمید شەتری سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی عێراق وریایی لەوە دا كە رێكخراوی داعش وەك هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر عێراق و دنیا دەمێنێتەوە، جا لە سووریا یان لە ئەفریقیا یان لەهەر شوێنێكی تر بێت، ئاشكرای كرد كە ژمارەی چەكدارانی داعش لە سووریا لە ماوەی نزیكەی ساڵێك زۆر زیادی كردووە.

شەتری لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی گوتی، داعش لە سووریا یان لە عێراق یان لەهەر شوێنێك بێت لە دنیا هەمان رێكخراوە و هەوڵ دەدات جارێكی تر شوێنپێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر خەڵك، ئەركی ئێمەش راوەدوونانیەتی لەهەر كوێیەك بێت.

شەتری ئاماژەی كرد، لە ساڵی رابردوو بە وردی چاودێریی زیادبوونی ژمارەی چەكدارانی رێكخراوی داعشمان لە سنوورەكانەوە لە سووریا كرد، دەركەوت ژمارەی چەكدارانی رێكخراوەكە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك لە دوو هەزار چەكدارەوە بۆ 10 هەزار چەكدار زیادی كرد، دووپاتی كردەوە، بوونی داعش لە سووریا مەترسییە بۆ سەر عێراق، چونكە زیادبوونی ژمارەی چەكدرانیان هەلێكی زیاتر بە رێكخراوەكە دەدات بۆ خۆرێكخستنەوە و هەوڵی دزەكردن یان ئەنجامدانی هێرش لەناو خاكی عێراق.

ئاماژەی كرد، ئەو چەكدارانەی لە سووریا چوونە پاڵ داعش، ساڵی رابردوو هاوپەیمانی ئەحمەد شەرع بوون، ئێستە ژمارەی چەكدارانی داعش لە سووریا لە نێوان دوو بۆ 10 هەزار چەكدارە، رێكخراوەكە توانیویەتی ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی هۆزە عەرەبییەكان لە نزیك سنوورەكانی عێراق لە ریزەكانی رێك بخات، بەتایبەتی لە ناوچە زۆرینە سوننەكان وەك حەسەكە و دێر زوور، بۆیە پەرەسەندنەكانی دوایی سووریا مەترسیی گەڕانەوەی هەڕەشەكانی داعشی زیاد كرد. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل