دوای ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە خۆی یەكلا كردەوە و نووری مالیكی وەك كاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند، پەرلەمان سبەی سێشەمی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و دواتر راسپاردنی نووری مالیكی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دیاری كرد، هاوكات بڕیارە ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەكخستنی هەڵوێستیان بەرانبەر بە كاندیدانی سەرۆك كۆمار كۆ ببنەوە.
لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكی پەرلەمان دەرگەی خۆ كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار واڵا كرد كە بەشی كوردە، زیاتر لە 80 كاندید ناوی خۆیان تۆمار كرد، ئێستە دوای كشانەوەی لەتیف رەشید، 18 یان ماون، كە مەرجی خۆكاندیدكردنیان لەسەر جێبەجێ دەبێت، بۆیە بڕیارە سبەی ئەگەر نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تەواو بێت، لەناو پەرلەمان دەنگ بدرێت و سەرۆك كۆمار بێتە هەڵبژاردن، هەریەك لە فوئاد حوسێن كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان و نزار ئامێدی كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ركابەری سەرەكین لەو كێبەركێیە.
بەپێی
سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و بژارەكانی لەوبارەوە هەن ساز دەكات، بۆ ئەوەی لایەنە شیعەكان بگەن بە هەڵوێستی كۆتایی و یەكگرتوو بەرانبەر بەو كاندیدەی بۆ پۆستەكە دەنگی پێ دەدەن.