فڕۆكەهەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:07:56:26/01/2026 ‌

ئەگەرچی وادەكەی دیار نییە، بەڵام بە بۆچوونی شارەزایان هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران نزیكە، چەند ئاماژەیەك بۆ نزیكبوونەوەی هێرشەكە هەیە، لەوانە ئامادەسازیی وڵاتانی ناوچەكە و راگەیاندنی رەتكردنەوەی بەكارهێنانی ئاسمانی وڵاتەكانیان بۆ هەر هێرشێك، رۆژنامەیەكی ئەمەریكی گەیشتنی فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن"ی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند. 

بەپێی رۆژنامەكە، ئەمڕۆ دووشەم بەرپرسانی ئەمەریكا رایان گەیاند كە فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن" و كەشتییە جەنگییەكانی هاوەڵی دەكەن گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فڕۆكەهەڵگرەكە سێ كەشتیی بۆردمانكەری لەگەڵە كە توانای هاوێشتنی مووشەكی تۆماهۆكیان هەیە، جیا لەوە ئەمەریكا فڕۆكەی جۆری (F-15E)ی لە بنكەیەكی سەربازی لە ئوردن جێگیر كردووە لەپاڵ گواستنەوەی سیستمی زیاتری بەرگریی ئاسمانی بۆ ناوچەكە، ئەوەش بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانی و هاوپەیمانەكانی لە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەكەی.  

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەك گەیشتنی ئەو فڕۆكەهەڵگرە و كەشتییەكانی هاوەڵی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپات كردەوە، كە توانای زیاتری سەربازی دەخاتە بەر دەستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هێرشكردنە سەر ئێران ئەگەر بڕیار بدات.

ئەو فڕۆكەهەڵگرەو و كەشتییە جەنگییەكانی لەگەڵیدان بۆ مەبەستی بەجێگەیاندنی ئەركەكانی هێرشبردن و بەرگیكردنی ئاڵۆز بەكار دێن، جیا لە هەزاران سەرباز و دەیان فڕۆكەی هێرشبەری پێشكەوتوو، توانای وەشاندنی گورزی وردی مووشەكیان هەیە، بۆیە چاودێران پێیان وایە هاتنی ئەو پارچە سەربازییانەی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیامێكی بەرپەرچدانەوەیە، چونكە ماوەیەكی دوورودرێژە ئەمەریكا ئەو هەموو هێزەی نەهێناوەتە ناوچەكە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل