ئاگری شەڕ لە ئێران نزیك دەبێتەوە

:: PM:09:33:26/01/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ هاتنی فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن" و كەشتییە بۆردمانكەرە هاوەڵەكانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق رای گەیاند كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە نزیكەوە چاودێریی ئێران دەكات، لە پۆستێك كە چەندان پرسیار و لێكدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ئەگەری نزیكبوونەوەی هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئەمەریكا بۆ سەر تاران. 

باڵوێزخانەی ئەمەریكا وێنەیەكی ترەمپی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێكس داناوە، لەگەڵیدا نووسیویەتی، وەك سەرۆك ترەمپ گوتی، ئێمە لە نزیكەوە چاودێریی ئێران دەكەین، سەرۆك ترەمپ خۆی سەرۆكە و بڕیار دەدات و جموجۆڵ دەكات.

لە دوای پۆستەكەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا چالاكانی عێراقی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەو پۆستەیان ئاڵوگۆڕ كرد، لەناو ورووژاندنی پرسیاری ئاخۆ رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ نزیكبوونەوەی كارێكی سەربازی لە دژی تاران، لە سایەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و توندبوونی لێدوانی دژبەیەكی واشنتن و تاران. 

چاودێران پێیان وایە كە هەڕەشەكانی ئەمەریكا لە دژی ئێران نوێ نییە، بەڵام دەركردنی لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، رەهەند و مانایەكی تری پێ دەبەخشێت، دەرگەی لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكاتەوە لەبارەی كاتەكەی و پەیامە سیاسییەكانی، بەتایبەتی لە سایەی هەستیاریی دۆخەكە بە گشتی. 

ئەمڕۆ دووشەم بەرپرسانی ئەمەریكا رایان گەیاند كە فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن" و كەشتییە جەنگییەكانی هاوەڵی دەكەن گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فڕۆكەهەڵگرەكە سێ كەشتیی بۆردمانكەری لەگەڵە كە توانای هاوێشتنی مووشەكی تۆماهۆكیان هەیە، جیا لەوە ئەمەریكا فڕۆكەی جۆری (F-15E)ی لە بنكەیەكی سەربازی لە ئوردن جێگیر كردووە لەپاڵ گواستنەوەی سیستمی زیاتری بەرگریی ئاسمانی بۆ ناوچەكە، ئەوەش بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانی و هاوپەیمانەكانی لە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەكەی.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل