توێژەرێك: تا ئێستە پارتی و یەكێتی لەبارەی كاندیدی سەرۆك كۆمار رێك نەكەوتوون

:: PM:09:57:26/01/2026 ‌

بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق ساز بكات كە پشكی كوردە، ژمارەیەك كاندید بۆ پۆستەكە هەن، لەوانە دوو كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەوڵێكی زۆر هەیە ئەوان پێش دانیشتنەكە بگەنە سازان و كاندیدێكی هاوبەش، بەڵام تا ئێستە رێك نەكەوتوون.

سوبحی مەندەلاوی توێژەری سیاسی دەڵێت، تا ئێستە ناكۆكییەكانی كورد سەبارەت بە كاندیدی سەرۆك كۆمار بەردەوامە و ئەوان نەگەیشتوونەتە دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە، یەكێتی وەڵامی پێشنیازەكانی نەداوەتەوە و دەستی بە كاندیدەكەی گرتووە، لەوكاتەی پۆستەكە هی كوردە و دەبێت زۆرینەی كورد كاندیدی بۆ دیاری بكات.

روونی كردەوە، دۆخەكە بەرەو كاندیدكردنی فوئاد حوسێن و نزار ئامێدی دەچێت، ئەگەر هەیە سبەی پۆستەكە لەناو پەرلەمان بێتە یەكلاكردنەوە، لەناو هەموو ماڵەكان ناكۆكی هەیە، بەڵام ئەوجارە هاوسەنگییەكە لەناو ماڵی كورد جیاوازە، پارتی خاوەن كاریگەرییەكی گەورەیە و رەنگە دۆخی ناوچەكە وا لە لایەنەكان بكات پۆستەكە زوو یەكلا بكەنەوە، هەرچی كشانەوەی لەتیف رەشیدە، ئاساییە بەهۆی كەمیی چانسی بۆ بردنەوە، ئەگەریش هەیە لە دوا ساتەكان كاندیدی هاوبەش بەدیار كەوێت، بەڵام ئەگەرێكی دوورە. 

شایەنی باسە بەپێی سەرچاوەكان هەریەك لە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كاندیدی شیعە بۆ سەرۆك وەزیران و كەسایەتی تری شیعە، لەگەڵ هێزە سیاسییە كوردییەكان لە گفتوگۆدان بۆ سازان و چوونە ناو دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمان بە یەك كاندید.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل