هۆكاری تەقەكانی ئەمشەوی بەغدا ئاشكرا دەبێت

:: PM:10:46:26/01/2026 ‌

ئەمشەو لە بەشێك لە میدیاكانی عێراق باسی ئەوە كرا كە لە ناوچەی سەوزی بەغدا شەڕە تەقە دروست بووە، سەرچاوەكانی بە شێوەی جیاواز باسی شەڕەكە دەكەن، لەوانە شەڕ لە نێوان پاسەوانی بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە بۆ بڕیاردان لەسەر دانیشتنی سبەی پەرلەمان لە كۆبوونەوەدان.

سەرچاوەیەكی تەناهی باسی ئەوە دەكات كە ئەمشەو لە ناوچەی سەوزی بەغدا شەڕ لە نێوان پاسەوانی بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروست بووە كە بەشدارن لە كۆبوونەوەیەكیان لەبارەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق، شەڕەكە بۆ تەقەكردن لە یەكتر پەرەی سەندووە.

سەرچاوەكە روونی كردەوە كە هۆكاری شەڕەكە بەهۆی كێشە بووە لەسەر شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەكان و چۆنیەتی چوونەژوورەوەیان لە نزیك بازگەی بابلیوون لە ناوچەی سەوزی بەغدا، بەڵام كەس بەهۆی شەڕەكەوە بریندار نەبووە، دۆخەكە لە لایەن هێزە تەناهییەكانەوە كۆنترۆڵ كراوە. 

سەرچاوەیەكی تر باسی ئەوە دەكات كە تەقەكانی ئەمشەوی بەغدا بەهۆی دروستبوونی شەڕ بووە لە نزیك بازگەیەك لە ناوچەی سەوزی بەغدا، بەڵام هیچ زیانێكی نەبووە و ئێستە دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە.  

شایەنی باسە ناوچەی سەوزی بەغدا بە ئارامترین و پارێزراوترین ناوچەی بەغدای پایەتەخت دادەنرێت، دەكەوێتە بەری كەرخی بەغدا و بارەگە گرنگەكانی حكوومەتی وەك ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی بەرگری ودەزگەی هەواڵگری و تەلاری پەرلەمان و باڵوێزخانە و نێردە دیپلۆماسییە بیانییەكانی تیادایە، لەوانە باڵوێزخانەی ئەمەریكا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل