شیعە لەبارەی كاندیدی سەرۆك كۆمار بوونەتە دوو بەش

:: PM:11:02:26/01/2026 ‌

ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا بۆ یەكخستنی هەڵوێستیان بەرانبەر بە كاندیدانی سەرۆك كۆماری عێراق كۆبووەوە، بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەكە لایەنەكانی شیعە لەبارەی پاڵپشتیكردنی كاندیدێكی دیاریكراو بە ئەنجام نەگەیشتوون.

بەپێی بەیاننامەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمشەو چوارچێوەكە كۆبوونەوەی ژمارە 260ی ئاسایی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق و پابەندی بە وادە دەستوورییەكان ساز كرد، چوارچێوەكە بە جیا مێوانداریی هەردوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد، گوێبیستی بۆچوونی هەردوو لا بوو و داوای كرد بگەن بە رێككەوتنێك بۆ ئاسانكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە وادەی دەستووریی دیاریكراو.

بەپێی سەرچاوەكە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی حزبی فەزیلە لە بەغدا بۆ یەكخستنی هەڵوێستی بۆ پاڵپشتیكردنی كاندیدێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق كۆبووەتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام بووە و لەسەر پاڵپشتیكردنی كاندیدەكان بۆچوونی جیاوازیان هەبووە.

روونی كردەوە، كۆبوونەوەكە بە رێككەوتن نەگەیشت، كاتێك بەشێك لە هێزە بەشدارەكان پاڵپشتییان لە نزار ئامێدی كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە و بەشێكی تریان لە فوئاد حوسێن كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان.

هەر بەپێی سەرچاوەكە چوارچێوە پرسیاری ئاراستەی فائەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كردووە لەبارەی ئەگەری دواخستنی دانیشتنی سبەی سێشەمی پەرلەمان، كە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بۆ كاتێكی تر، ئەوەش بە مەبەستی فەراهەمكردنی بواری زیاتر بۆ سازان لەسەر یەك كاندیدی كورد بۆ پۆستەكە.

بەپێی سەرچاوەكان هەریەك لە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كاندیدی شیعە بۆ سەرۆك وەزیران و كەسایەتی تری شیعە، لەگەڵ هێزە سیاسییە كوردییەكان لە گفتوگۆدان بۆ سازان و چوونە ناو دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمان بە یەك كاندید.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل