باراك: هەر حكوومەتێكی عێراقی بە پاڵپشتیی ئێران پێك بێت سەركەوتوو نابێت

:: PM:11:39:26/01/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ كاندیدكردنی لە لایەن شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و نزیكبوونەوەی راسپاردنی نووری مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، تۆم باراك نێردراوی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە هەر حكوومەتێكی عێراقی بە پاڵپشتیی ئێران پێك بێت، سەركەوتوو نابێت.

ئەمشەو باراك لە پۆستێك لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەم ئێوارەیە پێوەندییەكی تەلەفۆنی بەرهەمدارم لەگەڵ سەركردەی كورد مەسعوود بارزانی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی سووریا و گرنگی پارێزگاریكردن لە ئاگربەست و مسۆگەری گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ ئەوانەی پێویستیانە، بەتایبەتی لە كۆبانی ساز كرد.

سەبارەتا بە عێراق باراك روونی كردەوە كە هێشتا هەڵوێستی ئەمەریكا روون نییە، بەڵام هەر حكوومەتێك بە پاڵپشتیی ئێران بێتە دامەزراندن سەركەوتوو نابێت، نە لە جێبەجێكردنی خواستی عێراقی و سوورییەكان بەرەو دوارۆژێكی باشتر، نە لە بنیاتنانی هاوبەشییەكی كارا لەگەڵ ئەمەریكا.

قسەكانی ئەمشەوی باراك دوای پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دێت، كە ئەمڕۆ دووشەم بۆ سوودانی دووپات كردەوە كە هەر حكوومەتێكی عێراقی كۆنترۆڵكراو لە لایەن ئێران، ناتوانێت بە سەركەوتوویی بەرژەوەندییە تایبەتەكانی عێراق بخاتە پێشەوە، هەروەها ناتوانێت عێراق لە دەرەوەی ململانێكانی ناوچەكە بێڵتەوە، ناشتوانێت هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریكا بەهێز بكات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل