شەوی رابردوو سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی كەشتیگەلی سەربازیی وڵاتەكەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رای گەیاند، ئێستە كە كەشتیگەلییە سەربازییەكەی ئێمە گەیشتووەتە ئاوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ ئەمەریكا رێكبكەوێت.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 27ی كانوونی دووەم، گوتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای لە پێگەی "ئەكسیۆس" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ئێستە كەشتیگەلی ئەمەریكا گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. كەشتیگەلەكە زۆر لەوەی ڤەنزوێلا گەورەترە و لە نزیكی ئێران جێگیر كراوە. بەڵام چاودێران دەڵێن تا ئێستە ترەمپ بڕیاری یەكجاریی لێدانی ئێرانی نەداوە.
پێگەكە باس لەوە دەكات كە لەم هەفتەیەدا گفتوگۆ و قسەی زۆر لەبارەی لێدانی ئێران دەكرێت، بەڵام سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری یەكجاری لەبارەی هێرش بۆ سەر ئەو وڵاتە نەداوە.
سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانەكەی بۆ پێگەكە گوتی، لەوەتەی كەشتیگەلەكە گەیشتووەتە شوێنی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ رێككەوتن بگەڕێتەوە، ئێمەیش چاودێریی دۆخەكە و هەڵوێستی ئەوان دەكەین.
هەر دوێنێ سوپای ئەمەریكا رای گەیاند، كەشتیی فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئیبراهام لیكۆڵن" و چەند كەشتییەكی تر گەیشتوونەتە ئاوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو كەشتییانە جیالە فڕۆكەكان، هاوكات پڕ لە چەكی ئاگرینن. ئەوە لە كاتێكدایە دۆخی ناوچەكە و بەتایبەتی ئێران گرژتر دەبێت.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا "سینتكۆم" لە رێگەی "ئێكس"ەوە رای گەیاند، فڕۆكەهەڵگری "لیكۆڵن" و كەشتییەكانی تری ئەمەریكی ئێستە لە ئاوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر بوون و ئامادەی جێبەجێكردنی هەر فەرمانێكن، ئەویش لە پێناو بەرقەراربوونی ئاسایشی ناوچەكە.