ساڤایا: كار لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی عێراقی بێ میلیشیاكان دەكەین

:: PM:09:13:27/01/2026 ‌

دوێنێ ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و دوای ئەویش تۆم باراك نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سووریا عێراقیان لە ئەگەری پێكهێنانی حكوومەتێك بە پاڵپشتیی ئێران و بە بەشداریی میلیشیاكان وریا كردەوە، ئەمشەویش مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق لە تویتێك تیشكی خستە سەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

وەك ئاماژەیەك بۆ گرنگیی پێكهاتەی حكوومەتی نوێی عێراق بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ئیدارەكەی، ئەمشەو مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، ئێستە تیمەكەمان بەشێوەیەكی مەیدانی لە عێراق بۆ پاڵپشتیكردنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و رێگریكردن لە گەیشتنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ دەسەڵات لەوێ كار دەكات.

روونی كردەوە، گرنگە و زۆریش گرنگە ئامادەسازی بكرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی گەندەڵی لە عێراق، پێویستە هەوڵەكان لە بەدواداچوون بۆ پارە دزراوەكان و حەواڵەكراوەكان بۆ دەرەوەی عێراق زیاتر بێت، پێویستە شوێنی ئەو پارانە و چۆنیەتی بەكارهێنانیان دیاری بكرێت، دووپاتی كردەوە، لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەكانی تر ئێستە زانیاری تەواومان لەسەر كەسە تێوەگلاوەكان بە گەندەڵی هەیە، لەوانە بەرپەرسە باڵا حكوومەتییەكان و ئەندامانی خێزانیان لەوانەی لە پارەی گەندەڵی عێراق سوودمەند بوونە.

زیاتر دەڵێت، ئەو پارە تەنیا بۆ كڕینی موڵكوماڵ لە وڵاتان بەكار نەهاتووە، بەڵكو بۆ بەدەستهێنانی رەگەزنامە و پاسپۆرتی بیانی، هەندێك جار بە ناوی هاوشێوە و لە حاڵەتی تریش بە ناسنامەی جیاواز بۆ هەڵاتن لە بەدواداچوون و چاودێری بەكار هاتووە، ئەو زانیارییانە تا رادەیەكی زۆر هەوڵەكانی لێپرسینەوە و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان و هاریكاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ریشەوە بەهێز دەكەن.  

لە كۆتادا ساڤایا دەڵێت، زیانەكانی گەندەڵی تەنیا بۆ گەلی عێراق و لاوازكردنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكە نییە، بەڵكو بەهێزكردنی توانای گرووپە تیرۆریستییەكان و پاڵپشتیكردنی چالاكییەكانیان لە وڵاتانی دنیا دەگرێتەوە، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا و نووسینگەی چاودێریكردنی موڵكوماڵی بیانییەكان كار بۆ مسۆگەركردنی لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان بێ جیاوازی دەكەین و كەسیش لە سەروو یاساوە نییە تا دادوەری بۆ گەلی عێراق دێتە دی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل