هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕای گەیاند، دوای ئەوەی شانەکانی داعش لە گەڕەکەکانی غوێران و نەشوە هێرشیان کردە سەر هێزەکانیان، ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجام دا و توانییان سێ چەکدار بگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەم، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاوی کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شانەکانی داعش بە بەکارهێنانی چەکی سووک و مامناوەند، هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانیان لە گەڕەکەکانی غوێران و نەشوە لە شاری حەسەکە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای هێرشەکە هێزەکانیان دەستبەجێ دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی بەدواداچوون کردووە و لە ئەنجامدا توانیویانە سێ لە چەکدارانی ئەو شانە تیرۆریستییە بگرن.
هەسەدە داوای لە هاووڵاتییانی مەدەنی کردووە، پابەندی رێنوێنییەكانی سەلامەتی بن و زانیاری لەسەر هەر جووڵەیەکی گوماناوی بدەن. هەروەها دووپاتی کردووەتەوە کە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەردەوام دەبێت.