ڕۆژنامەیەکی عیبری ئاشکرای دەکات، ئەگەری هەیە لە ماوەی چەند سەعات یان ڕۆژی داهاتوودا، ئەمەریکا گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ئاستی ئامادەباشیی هێزەکانی هەردوولا گەیشتووەتە لوتکە.
ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی "مەعاریڤ"ـی ئیسرائیلی لە شرۆڤەیەکدا نووسیویەتی، ئەگەر لە نێوان ساتی نووسینی ئەم دێڕانە و بڵاوکردنەوەیدا واشنتن هێرشی نەکردبێت، ئەوا ئەگەری لێدانەکە لە چوارچێوەیەکی کاتیی زۆر کورتدا دەمێنێتەوە.
ڕۆژنامەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئێران هەڕەشەکانی توند کردووەتەوە و نیازی هەیە مانۆڕی سەربازی لە گەرووی هورمز ئەنجام بدات و دایبخات، ئەمەش لای ئەمەریکا بە هێڵی سوور دادەنرێت و دەستبردن بۆ ئازادیی کەشتیوانی وەڵامی توندی دەبێت.
هاوکات ئەمەریکا بوونی سەربازیی خۆی لە ئاسمان و دەریادا بەهێز کردووە، کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی سووتەمەنیبەخش و فڕۆکەی جەنگی گەیشتوونەتە ناوچەکە. ڕۆژنامەکە دووپاتی دەکاتەوە کە تواناکانی ئەمەریکا زۆر لە هیی ئیسرائیل زیاترن.
لەسەر ئاستی ئیسرائیل، هێزی ئاسمانی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە. تەلئەڤیڤ بە واشنتنی ڕاگەیاندووە کە بە توندی وەڵامی هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئێران دەداتەوە، بەتایبەت ئەگەر مووشەکی بالیستی بگرێتە ئیسرائیل. لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆکی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل لە واشنتن زانیاریی گرنگی داوە بە بەرپرسانی ئەمەریکا.
"مەعاریڤ" ئاماژەی بەوە داوە، ئامادەکارییەکان تەنیا بۆ ئێران نین، بەڵکو ئەگەری جووڵەی هاوپەیمانەکانی ئێران لە یەمەن، عێراق، سووریا و لوبنان لەبەرچاو گیراوە. شرۆڤەکە بەوە کۆتایی دێت کە پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا ڕووبەڕووبوونەوە ڕوو دەدات یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە "کەی و چۆن" ڕوو دەدات.