پێگەیەکی جیهانیی تایبەت بە هەواڵگریی کراوە (OSINT) ئاشکرای کرد، فڕۆکە زەبەلاحەکەی ئەمەریکا کە لە بنکەیەکەوە هاتووە سیستمی دژەمووشەکیی "ساد"ـی لێیە، لە ئەڵمانیاوە جووڵەی کردووە و بەسەر ئاسمانی تورکیادا تێپەڕیوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمشەو شەموو 31ی کانوونی دووەمی 2026، پێگەی "OSINTdefender" بڵاوی کردەوە، فڕۆکەی (C-5M Super Galaxy) کە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ستراتیجیی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکایە، لە ئێستەدا بە ئاراستەی باشووری ڕۆژهەڵات بەسەر ئاسمانی تورکیادا دەفڕێت و بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت.
بەپێی زانیارییەکان، فڕۆکەکە سەرەتا لە بنکەی ئاسمانیی "ڕامشتاین" لە ئەڵمانیاوە هەستاوە، بەڵام خاڵی دەستپێکی گەشتەکەی لە فڕۆکەخانەی سەربازیی "ڕۆبەرت گرەی" بووە لە بنکەی "فۆرت هوود" لە تەکساس.
گرنگیی ئەم گەشتە لەوەدایە کە بنکەی "فۆرت هوود" شوێنی لیوای 69ی تۆپخانەی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئەمەریکایە، کە تایبەتن بە بەکارخستنی سیستمی بەرگریی دژەمووشەکیی (THAAD).
ئەم جووڵەیە ئاماژەیەکی ڕوونە کە ئەمەریکا سەرقاڵی جێگیرکردنی سیستمی پێشکەوتووی "ساد"ـە لە ناوچەکە، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی مووشەکیی بالیستی کە ئەگەری هەیە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام بدرێت.