لە گۆڕانکارییەکی خێرای هەڵوێستەکاندا، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بری هەڕەشەی داخستن، دووپات لە گرنگیی پاراستنی گەرووی هورمز دەکاتەوە و بەرپرسێکی تریش باس لە پێشکەوتنی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا دەکات.
ئەمشەو شەموو 31ی کانوونی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، ئازادیی کەشتیوانی و تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، بۆ ئێران زۆر گرنگە وەک چۆن بۆ دراوسێکانمان گرنگە.
ئەم لێدوانە هێمنەی عێراقچی هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، کە دووپاتی کردەوە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا پێشکەوتنی ڕوونیان بەخۆوە بینیوە، سەرەڕای ئەوەی بە "هەراوهۆریای میدیایی بۆ جەنگ" ناوی برد.
ئەم پەیامانە لە کاتێکدان ڕۆژنامەی "ئیتلاعات"ـی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ بژاردەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ ئێران یەکلا کردووەتەوە، بەڵام نایەوێت بازنەی جەنگەکە فراوان بێت و هەموو ناوچەکە بگرێتەوە.
پێشتر هەر ئەمڕۆ لاریجانی هەڕەشەی کردبوو ئەگەر ئەمەریکا هێرش بکات، باڵیۆزخانەکانی واشنتن لە سعوودیە، قەتەر و ئیمارات دەبنە ئامانجی وەڵامدانەوەی ئێران، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ تۆنی لێدوانەکانیان بەرەو هێورکردنەوە ڕۆیشتووە.