پوختەی پرۆژەیاسای پاراستنی کورد کە ڕەوانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرا

:: PM:02:50:01/02/2026 ‌

هەردوو سیناتۆر لیندسی گراهام و ڕیچارد بلومنتال دەقی ئەو پرۆژە یاسایەیان بڵاو کردەوە کە ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمەریکایان کردووە، بۆ پاراستنی کورد و سەپاندنی سزا بەسەر حکوومەتی کاتی سووریا، هاوکات هەر ڕەفتارێکی دوژمنکارانە لەلایەن سووریا و هێزی تری ناوچەکە بۆ سەر کورد بە ناتەبا و پێچەوانەی ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە یاساکە هەژمار دەکەن.

 

ناونیشانی پرۆژە یاساکە بریتییە لە (بۆ سەپاندنی سزا و ڕێوشوێنی تر بە سەر حکوومەتی سووریا) کە ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمەریکایان کردووە و ئامانج لێی پاراستنی کوردە و بەشێکی یاساکە بریتییە لەوەی کە دووبارە دانانەوەی هەیئەی تەحریری شام وەک گرووپێکی تیرۆریستی، کە ئێستە ئەو دەستەیە بەشێکن لە سووپای سووریا و پشتر لە لایەن سەرۆکی ئێستەی سووریا سەرۆکایەتی دەکران.

 

لە بەشێکی تری پرۆژە یاساکە هاتووە، کە سەرجم دامەزراوە دارایییەکان و کەسایەتییەکان و کۆمپانیاکانی بازرگانی و کۆمپانیاکانی بواری وزوی سەر بە حکوومەتی سووریا سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت و پێویستە کار بۆ ئەوەیش بکرێ، کە ئاڵوگۆڕ و مامەڵەی نێودەوڵەتی لەڕێکخراوە جیهانییەکان سووریا سزا بدەن و بیخەنە لیستی ڕەشەوە.

 

بۆ چۆنییەتی پاراستنی کوردیش لە پرۆژەیاساکە هاتووە، کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە یارمەتی ئەمەریکا و وڵاتانی تری هاوپەیمان خەلافەتی تیرۆریستانیان کۆتایی پێهێنا و بەردەوامن لە شەڕی پاشماوەکانی تیرۆریستان و بە دەیان هەزار لە خانەوادەی تیرۆریستانیشیان لە گرتووخانەکان دەستبەسەر کردووە.

 

 

ئاماژە بەوەیش دراوە، کە جووڵەکردن دژی کورد لەلایەن سووریا و هێزی تری ناوچەکە ناتەبا و دژ بە ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکایە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د