نووری مالیكی: ترەمپ بەلاڕێدا براوە و ئامادەم دەستبەرداری كاندیدبوون ببم

:: PM:08:40:03/02/2026 ‌

لە ماوەی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیكی وەك كاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی نوێی عێراق راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێك كاندیدبوونی رەت كردەوە و هەڕەشەیەكی ئاشكرای لە عێراق كرد، ئێوارەی ئەمڕۆ نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كاندیدی شیعە رای گەیاند كە ترەمپ لە دژی ئەو بەلاڕێدا براوە و ئامادەیە بۆ دەستبەرداربوون بە مەرجی داوای زۆرینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم نووری مالیكی لە دیمانەیەكی كەناڵی تەلەڤزیۆنیی "شەرقییە"، چەند وردەكارییەكی نوێی پێوەندیدار بە رەتكردنەوەی ئەمەریكا بۆ كاندیدبوونی و دوای تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باس كرد، دووپاتی كردەوە كە بە مەرج دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت.  

روونی كردەوە، من وەك هاووڵاتییەكی عێراقی لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە دامەزراوەیەكی عێراقییە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندید كراوم، بۆیە ناكرێ لەسەر داوای دەوڵەتێكی تر لە كاندیدبوون پاشەكشە بكەم، دووپاتی كردەوە كە ترەمپ لە لایەن سێ دەوڵەت و چەند لایەنێكی ناوخۆیی لە دژی كاندیدبوونم بۆ سێیەم خولی سەرۆك وەزیران بەلاڕێدا براوە، گوێبیستی ئەوەش بووم كە تویتەكەی لێرە نووسراوە، بەڵام هێشتا لەو بابەتە دڵنیا نەبوومەتەوە. 

مالیكی ئاماژەی كرد كە كاندیدكردنی عێراق ناخاتە ژێر سزای ئابووریی ئەمەریكا، ئەو بابەتەش بۆ دەستبەرداربوون لە كاندیدكردنەكە بڵاو دەكرێتەوە، دووپاتی كردەوە كە ئەگەر زۆرینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لێ بكەن، ئامادەیە دەستبەرداری كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل