ناوی مالیكی 120 جار لە دۆسییەكانی ئیپستین هاتووە

:: PM:09:23:03/02/2026 ‌

ئێستە وردەكارییەكانی ئابڕووچوونی جیفری ئیپستین تەواوی میدیا و سۆشیال میدیای دنیای گرتووە، كە پێوەستە بە سەتان تاوانی سێكسی پێوەست بە كەسایەتییە ناودار و باڵاكانی سیاسی و دارایی رۆژئاوایی، ئەوەی پێوەستە بە عێراق، ناوی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و كاندیدی ئێستە بۆ سێیەم خولی سەرۆك وەزیران 120 جار لە بەڵگەنامە و راپۆرتە هاوپێچكراوەكان هاتووە.

هاتنی ناوی مالیكی راستەوخۆ پێوەست نییە بە تاوانەكانی ئیپستینەوە، بەڵكو لە چوارچێوەیەكی فرەوانتری شیكاریی سیاسی بۆ قۆناغی دوای 2011 لە عێراق هاتووە، باسی رەخنەی توندی رۆژئاوا بۆ ئیدارەدانی عێراق دەكات، سیاسەتەكانی ئەویان بە ململانێ و ناكۆكییە ناوخۆییەكان تا گەیشتن بە رووخانی دۆخی تەناهی لە عێراق كە رێخۆشی بۆ هاتنی داعش كرد گرێ دا، كە بە ساتێكی شكستیان بۆ عێراق وەسف كرد، بەو پێیەی ئەو كەسێكی خاوەن بڕیاری ناوەندی بوو و بووە هۆی رووخانی سیستمی تەناهی و سیاسی لە وڵات و دەركەوتنی داعش و گرتنی پارێزگای مووسڵ لە 2014.   

لە چەندان بڕگەی بەڵگەنامەكان مالیكی بە سەركردەیەكی تایفیی شیعە وەسف دەكات كە دابەشبوونی عێراقی قووڵتر كردەوە و لە دوای كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لەو وڵاتە دەستی بۆ لاوازكردنی نەیارەكانی برد، بەتایبەتی سەركردە سوننەكان بە شێوەیەك راپۆرتەكان بە بیرۆكەی لێكهەڵوەشانەوەی هاوبەشی نیشتمانییان دانا.

بەڵگەنامەكان وا مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی تەناهی لە سەردەمی مالیكی دەكەن وەك لایەنێكی مەترسیدار لە ئەزموونی فەرمانڕەوایەتییەكەی، یەكێك لە شیكارییەكان مالیكی بە ستالین لە بواری پاككردنەوەی سوپای عێراق وەسف دەكات، لە رێگەی گۆڕینی فەرماندەی بەتوانا بۆ ئەوانەی لایەنگری ئەون، جیا لە كۆنترۆڵكردنی راستەوخۆی بۆ وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانی، باسی ئەوەش دەكەن چۆن مالیكی یارمەتی خۆدزینەوەی ئێرانی لە سزاكان داوە، باسی ئەوەیان كرد كە پارەی فرۆشتنی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ قاسم سلێمانی و فەیلەقی قودس رەوانە كردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل