ئەمەریكا دەیەوێ عێراق لە بازنە و كاریگەریی ئێران دوور بكەوێتەوە، بۆیە هەموو هەڵوێست و بڕیار و سیاسەتەكانی بەو ئاراستەیەیە، بەتایبەتی ئێستە كە لە سەروبەندی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی نوێیە، ئەمەریكا دەیەوێ حكوومەتی داهاتووی عێراق لە ئێران و كاریگەری و میلیشیاكانی دوور بێت و بۆ ئەو مەبەستە هەڕەشەی رژی لێ كردووە.
چەند سەرچاوەیەك بە ئاژانسی
"بلومبێرگ"یان راگەیاند كە لە چەند رۆژی رابردوو واشنتن بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاندووە كە ئەگەر نووری مالیكی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری بكرێت، گەیشتنی دەستی عێراق بۆ داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی كەم دەكاتەوە، ئەوەش بەو پێیەی ئەمەریكا بە كەسێكی نزیكی بۆ ئێران دادەنێت.
روونیان كردەوە، لە كۆبوونەوەیەك هەفتەی رابردوو لە توركیا لە نێوان عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و چەند بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا هاتە سازكردن، ئەوان سەر لە نوێ عێراقیان لەو بابەتە وریا كردووەتەوە، ئەو كۆبوونەوەی توركیاش نزیكەی هاوكاتە لەگەڵ تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كە دووپاتی لەوە كردەوە نابێت سیاسەتوانانی عێراق مالیكی بۆ سەرۆك وەزیران هەڵبژێرن، سەرچاوەكان ئەوەشیان گوت كە سووربوونی مالیكی و پاشەكشەنەكردنی، توڕەیی بێئومێدیی ئەمەریكای زیاد كردووە.
سەبارەت بەو كۆبوونەوە و داوایە گوتەبێژەكانی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هیچ لێدوانێكیان نەبوو، جیا لەوان عەمار خەلەف جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی ئەویش رەتی كردەوە باسی هیچ بكات، تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا ئەویش بە هەمان شێوە وەڵامی نەدایەوە.