توركیا: دوو ملیۆن داری زیتوونمان لە عەفرین نەدزیوە

:: PM:04:22:04/02/2026 ‌
توركیا بڕینەوەی دوو ملیۆن داری زەیتوونی عەفرین ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت، بە مەبەست بوختانیان بۆ دەكەن و دەیانەوێ توركیا ناشیرین بكەن.

لە دوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە، بەردەوام خەڵكی ناوچەكە هاواریانە كە ئەو وڵاتە دارەكانیان دەدزێت و لە بازاڕی وڵاتان بەناوی داری زەیتوونی توركیا دەیفرۆشێت.

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست كە سەربە فەرمانگەی پێوەندییەكانی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیایە، بڕینەوە و دەستبردن بۆ دار زەیتوونەكانی عەفرین ڕەت دەكاتەوە و بە بوختان و تۆمەتی هەڵبەستراو ناوی دەبات.

ناوەندەكە لە ڕوونكردنەوەیەكیدا لەبارەی دار زەیتوونەكانی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستانەوە ڕای گەیاندووە، "ئەو بانگەشانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كراونەتەوە، گوایە توركیا لە عەفرین زیاتر لە دوو ملیۆن داری زەیتوونی بڕیوەتەوە، بە تەواوەتی دوورن لە ڕاستییەوە، ئەم بابەتانە تەنیا دووبارەكردنەوەی چالاكییە پلان بۆداڕێژراوەكان و پڕوپاگەندەی بەردەوامەكانن، كە ساڵانێكە لەلایەن ڕێكخراوە "تیرۆریستییەكان" كە مەبەست لێی "پەكەكە" و پاشكۆكانیانەوە بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی توركیا بڵاو دەكرێنەوە."

ناوەندەكە گوتوویەتی، بەپێچەوانەوە بوونی توركیا لە ناوچەكە ڕۆڵ و كاریگەریی گەورەی هەبووە، لە ئارامی و سەقامگیری و بەرقەراربوونی ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك و تیرۆرستان لە چالاكیی خراون بەهۆی توركیاوە.



وشە - سۆران عەزیز