وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئەنجامی پشکنینی سندوقی ڕەشی ئەو فڕۆکەیەی ئاشکرا کرد کە دوو مانگ لەمەوبەر لە نزیک ئەنقەرە کەوتە خوارەوە و بووە هۆی کوژرانی سەرۆک ئەرکانی سوپای لیبیا، هۆکارەکەشی بۆ "لەکارکەوتنی مۆلیدەکان" گەڕاندەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری شوباتی 2026، عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، بە ئاژانسی "ئەنادۆڵو"ی ڕاگەیاند، تۆمارەکانی سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە دەریانخستووە کە کێشەیەکی تەکنیکی لە دوو مۆلیدەی کارەبایی فڕۆکەکەدا ڕووی داوە.
وەزیر ڕوونی کردەوە، گفتوگۆی فڕۆکەوانەکان لە کابینەی فڕۆکەکەدا ئاشکرای کردووە کە دوای دوو خولەک لە فڕین، فڕۆکەوانەکان ئاگادار کراونەتەوە لە وەستانی مۆلیدەی دووەم، دوای نزیکەی یەک چرکە مۆلیدەی سێیەمیش لەکار کەوتووە، دواتریش سەرجەم سیستمی کارەبایی فڕۆکەکە وەستاوە.
بەپێی لێدوانەکە، فڕۆکەوانەکان داوای گەڕانەوەیان بۆ فڕۆکەخانە کردووە و نیشانەی فریاکەوتنیان بەکار هێناوە، بەڵام بەهۆی لەکارکەوتنی سیستمەکان، ناچار بوون بە شێوەی دەستی (مانوێڵ) فڕۆکەکە ئاڕاستە بکەن.
ئوراڵئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا، پێوەندی لەگەڵ فڕۆکەکە تا سەعات 20:27 بە کاتی ناوخۆ بەردەوام بووە، دواتر لەسەر شاشەی ڕادارەکان ون بووە و دوای چەند خولەکێک کەوتووەتە خوارەوە.
جێی باسە لە 23ی کانوونی یەکەمی ڕابردوو، فڕۆکەیەکی تایبەت لە شارۆکەی "هایمانا" لە نزیک ئەنقەرە کەوتە خوارەوە، کە بووە هۆی کوژرانی محەمەد حەدداد سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای لیبیا و چوار لە یاوەرانی.