هاریس لەگەڵ عەلاق كۆ دەبێتەوە

:: PM:07:14:05/02/2026 ‌

لە سەروبەندی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەرپرسانی ئەمەریكا بە گوتە و جموجۆڵەكانیان بەرپرسانی عێراق لە ئەگەری پێكهێنانی حكوومەتێكی نزیك لە ئێران و میلیشیاكانی وریا دەكەنەوە، ئەمڕۆ كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق سەردانی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراقی كرد و باسی چەند پرسێكی گرنگیان پێوەست بە دۆخی دارایی عێراق كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق پێشوازی لە جۆشوا هاریس كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد و باسی مسۆگەریی جێگیربوونی بەهای دینار و سیاسەتە داراییەكانیان كرد، بەپێی بەیاننامەیەكی بانكی ناوەندی، هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی پاڵپشتیكردنی سەقامگیریی دراو و دارایی و ئابووریی عێراق كردەوە، كە بنەمای سەركین بۆ سەقامگیریی سیاسی و تەناهی لەو وڵاتە. 

هاریس دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا پابەندە بە پاڵپشتیكردنی هەموو هەوڵەكان بۆ بەهێزكردنی سەقامگیری دارایی و دوورخستنەوەی ئابووریی عێراق لە هەر هۆكارێكی تێكچوونی دۆخەكەی، لە كۆبوونەوەكە عەلاق باسی رێكخستنی حەواڵەی دەرەكی و كۆنترۆڵكردنی فرۆشتنی دۆلاری بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان كرد. 

بەم دواییە چەند سەرچاوەیەك بە ئاژانسی "بلومبێرگ"یان راگەیاند كە لە چەند رۆژی رابردوو واشنتن بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاندووە كە ئەگەر نووری مالیكی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری بكرێت، گەیشتنی دەستی عێراق بۆ داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی كەم دەكاتەوە، ئەوەش بەو پێیەی ئەمەریكا بە كەسێكی نزیكی بۆ ئێران دادەنێت.

روونیان كردەوە، لە كۆبوونەوەیەك هەفتەی رابردوو لە توركیا لە نێوان عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و چەند بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا هاتە سازكردن، ئەوان سەر لە نوێ عێراقیان لەو بابەتە وریا كردووەتەوە، ئەو كۆبوونەوەی توركیاش نزیكەی هاوكات بوو لەگەڵ تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كە دووپاتی لەوە كردەوە نابێت سیاسەتوانانی عێراق مالیكی بۆ سەرۆك وەزیران هەڵبژێرن، سەرچاوەكان ئەوەشیان گوت كە سووربوونی مالیكی و پاشەكشەنەكردنی، توڕەیی بێئومێدیی ئەمەریكای زیاد كردووە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل