دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریكا لە مەسقەت دەستیان پێ کرد

:: AM:11:21:06/02/2026 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەستپێکردنی یەکەم خولی دانوستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا لە مەسقەت ڕاگەیاند، لە کاتێکدا جیاوازیی قووڵ لە نێوان هەردوولا لەسەر ئەجێندای کۆبوونەوەکە هەیە و فەرماندەیەکی باڵای سوپای ئەمەریکاش بەشدارە.

ئەمڕۆ هەینی شەشی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی ئێران، پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، لەگەڵ بەدر ئەلبوسعێدی وەزیری دەرەوەی عومان کۆ بووەتەوە و تێیدا پێشنیار و تێبینییەکانی تارانی لەبارەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن خستووەتە ڕوو.

هاوکات ئەحمەد وەحیدی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و ڕای گەیاند، دانوستانەکان تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی چڕ دەکرێنەوە.

لە بەرانبەردا، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کرد، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) دەچێتە پاڵ دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە مەسقەت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتن دەیەوێت لایەنی سەربازی و تەناهی تەوەرێکی سەرەکی بێت.

پێشتریش مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو، واشنتن دەیەوێت گفتوگۆکان فراوان بن و بەرنامەی مووشەکیی بالیستی، پاڵپشتیی گرووپە چەکدارەکان و "مامەڵەی تاران لەگەڵ گەلەکەی" بگرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە تاران سوورە لەسەر ئەوەی عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف نێردراوی ئەمەریکا، تەنیا تاوتوێی دۆسیەی ئەتۆمی بکەن و دەڵێت "لە پێگەی هێزەوە" بەشداری دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە کەرامەتیان بپارێزێت.



وشە - پۆڵا مەحموود