بۆچی دیمەشق هێشتا بەفەرمی مەرسوومی بۆ پارێزگارە كوردەكەی حەسەكە دەرنەكردووە؟

:: AM:11:02:07/02/2026 ‌
بەپێی زانیارییە میدیاییەكان، تا ئێستە مەرسووم بۆ پارێزگارە كوردەكەی حەسەكە دەرنەچووە، وەك دەردەكەوێ حكوومەتی كاتیی سووریا كات دەكوژێت.

بەر لە چەند رۆژێك نوورەدین عیسا چووە دیمەشق و لە كاتی گەڕانەوەی لە حەسەكە، بەئاهەنگ و شایی وەك پارێزگار پێشوازیی كرا، ئەمەش بۆ رۆژئاوای كوردستان، بەهەنگاوێكی گرنگ دەبینرێت دوای دەیان ساڵ بەفەرمی دەسەڵاتدارانی دیمەشق ددان بەپارێزگایەكی كورددا بنێن.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە تا ئێستە بەفەرمی مەرسوومی بوون بەپارێزگارە بۆ نوورەدین عیسا دەرنەكراوە، دەزگا فەرمییەكانی ئەو وڵاتە دەڵێن مەرسوومی نییە، تەنیا بەزارەكی گوتراوە بڕۆ دەستبەكار بە.

میدیاكانی نزیكی ئەنەكەسە پێیان وایە حكوومەتی كاتیی سووریا، پێدەچێت هەوڵ بدات خۆی لێ‌ بدزێتەوە و گرفت بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دروست بكات. 

بۆ ئەم مەبەستەش چەند رۆژێكە بەهاندان و پلانی دیمەشق، هەڵمەتێكی میدیایی و جووڵە و خۆكۆكردنەوەیەكی نائاسایی لەلایەن بەشێك لە هۆزە عەرەبەكانی لە دەوروبەری حەسەكە هەستی پێ دەكرێت، ئەوان بەچەكەوە لە میدیاكانی سووریا دەردەكەون و قسە لەسەر كورد و پارێزگارە كوردەكەی حەسەكە دەكەن.

عەرەبەكانی ناوچەكە كە لە میدیاكانی سووریاوە دەردەكەون، رەتی دەكەنەوە پارێزگارێكی كورد قبووڵ بكەن، ئەم هەنگاوەش بەمەترسی دەبینرێت و بەهاندانی حكوومەت دەزانرێت تا ئەو پۆستەش بەكورد نەدرێت.

لەوە دەچێت دیمەشق بیەوێت گرفت و گرێ بۆ دامەزراندنی فەرمیی پارێزگاری حەسەكە دروست بكات، یان پاشگەز بووبێتەوە لە پێدانی پارێزگار بەكورد، رەنگە بیەوێت ماوەیەكی درێژ بارودۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بۆ ئەم مەبەستە ناڕەزایەتیی هۆزە عەرەبەكانی خوار حەسەكە بكاتە بیانوو كە ئێستە لە ژێر هەژموونی دیمەشقدان.



وشە - سۆران عەزیز