جەنگی ئەمەریكا دژی ئێران هەزار هێندە خراپتر دەبێ لە جەنگی دژی عێراق

:: PM:01:14:07/02/2026 ‌
شرۆڤەكاری تایبەت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا جۆن هۆفمان دەڵێ، ئەو جەنگەی كە ترەمپ لە دژی ئێران بەرپای دەكات، هەزار جار خراپتر دەبێ لە شەڕ بۆ لەناوبردنی ڕژێمی عێراق، ئەمەیش لەسەر ئاستی ئەو زیانانەی ڕووبەڕووی ئەمەریكا دەبێتەوە، ئەگەر لە ڕێگەی وشكاییەوە هێرش بكات، ئەو دانوستاندنانەی ئێستەیش ئەنجام دەدرێ، لەسەر بنەمای كۆمەڵێك خاڵە كە هەردوولا ئامادە نین سازشی لەسەر بكەن، بۆیە دانوستاندنەكان وەك تۆوێكی ژەهراوین و ئەو مەرجانەی واشنتن باسی دەكات، ئێران ناتوانێ قبووڵی بكات.

هۆفمان دەڵێ، بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، سێ دەیەیە فشار لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دروست دەكات تا گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت، بەهۆی ئەوەی لە مانگی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەریش هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بۆیە هەوڵەكانی چڕ دەكاتەوە تا گورز لە ئێران بوەشێنرێت و ڕژێمی ئێران بهێتە گۆڕین.

لە بەشێكی تری قسەكانی ئەو شرۆڤەكارە دەڵێ، ئەگەر فشاری ئیسرائیل نەبێ، ئەمەریكا دەتوانێ خۆی لە شەڕ لەگەڵ ئێران بە دوور بگرێت، چونكە واشنتن دووپات لەوە دەكاتەوە كە ئێران نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، بە كردەییش تا ئێستە ئێران خاوەنی ئەو چەكە نییە و هەواڵگریی ئەمەریكایش پشتڕاستی ئەمەی كردووەتەوە.

لە كۆتاییدا هۆفمان نووسیویەتی، ئەگەر دۆخەكە بگات بە بنبەست و ئەمەریكا بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئێران، ئەوا جەنگەكە هەزار هێندە خراپتر دەبێ لەو جەنگەی دژ بە عێراق بەرپا كرا، بەتایبەت ئەگەر واشنتن بە ڕێگەی وشكایی پەلاماری ئێران بدات، ئەوا جەنگێكی تەواو خوێناوی و پڕ زیان دەبێ بۆ ئەمەریكا، چونكە سوپای ئێران عەقیدەییە و بە باوەڕی ئاینی و مەزەوییەوە پەروەردە كراوە، رێژەی دانیشتووانی وڵاتەكەیش 92 ملیۆن كەسە، زاڵبوون بەسەر سوپایەكی عەقیدەیی و وڵاتێك بەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانەوە كارێكی قورسە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د