ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا، بەشێكی تر لە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی كاتی سووریا و هەسەدە دەخاتە ڕوو، دەڵێ، لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی دەستوور دیاری كراوە.
ئیلهام ئەحمەد لە سیمینارێكدا لە قامیشلۆ رای گەیاند، هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ دروستكردنی شەڕی ناوخۆیی و فیتنە لە نێوان پێكهاتەكاندا، "دەیانەوێت گەلی كورد لەناوبەرن و بێ ماف و ناسنامە بیهێڵنەوە".
روونیشی كردەوە كە بڕیاری حكوومەتی كاتی بۆ دداننان بە مافەكانی كورد هەنگاوێكی ئەرێنییە و بۆ یەكەمجارە بڕیارێكی وا دەردەچێت، " لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە بەدواداچوون دەكەین بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە جێبەجێ بكرێن".
لەبارەی وردەكارییە سەربازی و كارگێڕییەكانەوە گوتی، فیرقە و لیوای نوێ لە حەسەكە و كۆبانێ دروست دەكرێن و ژنان ڕۆڵی تێدا دەبینن، پارێزگاری حەسەكە دیاری كراوە و گفتوگۆ لەسەر دەروازە سنوورییەكان و زمان بەردەوامە و لیژنەیەكیش بۆ نووسینەوەی دەستوور پێكدەهێنرێت.