"ئەنجوومەنی سیاسیی سوننە لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە"

:: PM:08:43:07/02/2026 ‌

لە دوای هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، هێزە سیاسییە براوەكانی سوننە خۆیان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنێكی سیاسیی نیشتمانی رێك خست، بۆ كۆكردنەوە و بەرجەستەكردنی دەنگی سوننە بە هاوشێوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، بەڵام خەریكە ئەنجوومەنەكەیان بەهۆی پۆست و هەڵوێستەكانیان و هەوڵی قۆرخكردنی بڕیارەكانی هەڕەشەی لێكهەڵوەشانەوەی دەكەوێتە سەر.

بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ناكۆكی كەوتە نێوان ئەنجوومەنی سیاسیی سوننە، كاتێك زیاتر لە كاندیدێكیان بۆ پۆستەكە هەبوو و سازشیان بۆ یەكتر نەدەكرد، لە دوا ساتەكان كێشەكەیان چارەسەر بوو، دواتر راستەوخۆ لەگەڵ دیاریكردنی نووری مالیكی وەك كاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، جارێكی تر دابەشبوون كەوتەوە نێوان سەركردە سووونەكان و تا ئێستەش دوو هەڵوێستن لە پاڵپشتیكردنی ئەو كاندیدیەی شیعە.  

بەپێی زانیارییەكان ئەنجوومەنەكە بڕیاری داوە هەڵوێست و بڕیارەكانی بە زۆرینە بێتە دان، ئەوەش هەنگاوێكە بۆ پەراوێزخستنی موشەنا سامەرایی و هاوپەیمانی عەزم لەناو هاوپەیمانیەتییەكە، لەو كاتەی هەر بەپێی زانیارییەكان هاوپەیمانی عەزم بە نیازە پاشەكشەكردنی لە هاوپەیمانیەتییەكە رابگەیەنێت.

موهەنەد راوی توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە هەر لە یەكەم رۆژی راگەیاندنیەوە دیار بوو ئەنجوومەنی سیاسیی هێزە سوننەكان بەردەوام نابێت و چارەنووسی لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دەستكردن بە دابەشكردنی پۆستەكان لێكترازانە، چونكە ئەنجوومەنەكە چەند بیرۆكە و دید و كەسایەتیی دژبەیەك و نەگونجاو لەگەڵ یەكتر لەخۆ دەگرێت، ئەوەش بەهۆی ناكۆكیی گەورە و مێژوویی نێوانیان، بۆیە ئەوان ناتوانن زۆر پێشكەش بە پێكهاتەی سوننە بكەن.

روونی كردەوە، جێهێشتنی سامەرایی بۆ ئەنجوومەنەكە نیشانەكانی لێكهەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنەكە بەدیار دەخات، كە لەوەتەی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردراوە دەركەوتووە، كاتێك تا ئێستە ئەنجوومەنەكە تەنیا یەك دانیشتنی دوای مانگێك لە پرۆسەی هەڵبژاردن ساز كردووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەنجوومەنەكە بە تەواوەی بێتە هەڵوەشانەوە و كێشەكانی نێوان هێزە سوننەكان و شەڕی میدیایی نێوانیان بەمنزیكانە دەست پێ بكاتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل