دوێنێ دوای هەڕەشە و هەوڵێكی زۆر، شاندی ئەمەریكا و ئێران ناراستەوخۆ لە عومان گفتوگۆیان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران كرد، پێشتر كە لە كۆتای ساڵی رابردوو سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە فلۆریدا كۆ بوونەوە و تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد، ئێستە دوای چەندان پەرەسەندن لە غەزە و سووریا و ئێران جارێكی تر كۆ دەبنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ نووسینگەی
بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند كە پێشبینی دەكرێت چوارشەمی داهاتوو بنیامین نەتنیاهۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە واشنتن كۆ ببنەوە، ئەوان تاوتوێی چەند دۆسیەیەكی پێوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن، لەوانە گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران.
روونی كردەوە، لەو كۆبوونەوە نەتنیاهۆ بابەتی گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران، لەگەڵ ترەمپ باس دەكات كە وای دەبینێت پێویستە هەر گفتوگۆیەك سنوورداركردنی ژمارە و مەودای مووشەكە بالیستییەكانی ئێران لەخۆ بگرێت، جیا لە وەستانی پاڵپشتی بۆ میلیشیاكانی كە بە بەرەی مقاوەمەت لە ناوچەكە ناسراون.
ئەو هەواڵە دوای ئەوە دێت كە تازە گفتوگۆكانی نێوان تاران و واشنتن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی تاران و پیتاندنی یۆرانیۆمەكە دەستی پێ كردووە و ئیسرائیل دەیەوێ گفتوگۆكان بابەتی بەرنامەی مووشەكیی بالیستی و میلیشیاكانی ئێرانیش بگرێتەوە، ئەگەرچی تا ئێستە تاران ئەوانە رەت دەكاتەوە.