دوای ئەوەی مانگی رابردوو فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند كە حەوت هەزار گیراوی داعش لە گرتووخانەكانی سووریا بۆ گرتووخانەكانی عێراق دەگوازنەوە، ئەوەش بە رەزامەندیی هەردوو وڵات، ژمارەی ئەو گیراوانەی هاتوون گەیشتووەتە سەرووی دوو هەزار، بەپێی راپۆرتەكان ئەوان هەڕەشە لە پاسەوانە عێراقییەكان دەكەن.
مەبەستی سەرەكیی هێنانی ئەو
گیراوانەی داعش بۆ عێراق ئەوەیە گرتووخانەكانی عێراق لە رووی تەناهییەوە تۆكمەترن، لێرە باشتر كۆنترۆڵ دەكرێن، كەچی هەندێك لە شارەزایانی تەناهی وریایی لە ئەگەری هەڵاتنیان دەكەن، بەوەی دەبنە سەرئێشەیەكی تەناهیی بۆ عێراق، جیا لە خەرجیی زۆری دارایی دابینكردنی خۆراك و شوێن بۆیان.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی بەشێك لەو گیراوانەی بۆ عێراق گوازراونەتەوە، هەڕەشەیان لە سەرباز و پاسەوانە عێراقییەكان لە كاتی گواستنەوەیان كردووە بەوەی لە زیندان هەڵدێن و ئەوان دەكوژن، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ مانی رەچەی توندوتژی و شەڕانگێزیی ئەوان تەنانەت دوای گرتنیان.
بەپێی سەرچاوە تەناهییەكان زۆرینەی ئەو گیراوانەی داعش كە لە سووریاوە بۆ عێراق دەگوازرێنەوە، لە گرتووخانەكانی بەغدا و حلە دێنە جێگیركردن، كە دوو ناوچەی زۆر تۆكمەن لە رووی تەناهییەوە، دەزگای دژەتیرۆری عێراق سەرپەرستیی گواستنەوە و دابەشكردنی ئەوان دەكات، دەست و پێكانیان بەستراوەتەوە و دەموچاویان داپۆشراوە، هەندێكیان هەڕەشەی كوشتن لە پاسەوانەكان دەكەن بەوەی لە حاڵەتی هەڵاتنیان دەیانكوژن و هەندێكیشیان بێ دەنگن.
هەر بەپێی سەرچاوەكە رێنوێنی بە پاسەوانەكان دراوە بەوەی نابێت قسە لەگەڵ گیراوەكان بكەن یان لێیان نزیك ببەوە، بۆیە زۆرینەی پاسەوانەكان نازانن ئەو گیراوانە كێن و خەڵكی كوێن، ئەوەش بە مەبەستی كەمكردنەوەی مەترسییەكان و رێگرتن لە دروستبوونی پێوەندی لە نێوانیان و هەوڵدان بۆ هەڵاتنیان.