ئەگەرچی دوای تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، كە تیایدا كاندیدبوونی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق وەك كاندیدی شیعە رەت كردەوە، شارەزایان پێشبینیی پاشەكشەی ئەویان دەكرد، بەڵام تا ئێستە مالیكی و حزب و هاوپەیمانیەتییەكەی ئەو وەك كاندیدی چوارچێوە دەخەنە روو.
حزبی دەعوەی ئیسلامی لە بەیاننامەیەكی كورت لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای گواستەوە كە مالیكی نیازی پاشەكشەی لە كاندیدبوون بۆ پۆستی رۆك وەزیران نییە و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دەستی بە كاندیدكردنی ئەوەوە گرتووە و هەموو ئەوانەی لەبارەی پاشەكشەكردنی دەگوترێت راست نین.
میساق مەساری ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند كە بڕیارە بەر لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەی خۆی ساز بكات، بۆ باسكردنی ئەو داخرانە سیاسییەی لە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروست بووە، هاوكات سەرپشككردنی ئەندامانی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەناو پەرلەمان ئەگەر كورد لەسەر كاندیدێك رێك نەكەون.
چەند سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشكرایان كرد كە گفتوگۆكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی دۆزینەوەی میكانیزمێك دەكات بۆ گۆڕینی نوروی مالیكی بە كەسێكی قبووڵكراو یان كاندیدێی هاوبەش، بەڵام ئەو كەسە راستەوخۆ لە لایەن مالیكییەوە دیاری دەكرێت، رەنگە محەمەد خوزاعی بێت، ئەگەرچی رەنگە ئەویش پاڵپشتیی ناوخۆیی و دەرەكی نەبێت.