عێراقچی: ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەكەی نابێت ئەگەر ببێتە هۆی جەنگیش

:: AM:10:44:08/02/2026 ‌
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی دەكاتەوە، وڵاتەكەی سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی و پیتاندنی یۆرانیۆم، ئاماژەی بەوەیش دا كە تاران هیچ جۆرە داواكارییەك بۆ ڕاگرتنی پیتاندن قبووڵ ناكات، ئامادەیە لەپێناو پاراستنی ئەم مافەدا ڕووبەڕووی جەنگیش ببێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی شوبات، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ لە میانی وتارێكیدا لە كۆنفرانسی نیشتمانی بۆ سیاسەت و مێژووی پێوەندییەكانی دەرەوە رای گەیاند، گفتوگۆكان تەنیا ئەو كاتە دەگەنە ئەنجام كە لایەنەكان ڕێز لە مافەكانی گەلی ئێران بگرن و ددانی پێدا بنێن.

عێراقچی ئاماژەی بە جیاوازیی سیاسەتی ئێستەی تاران و سەردەمی پێشوو كرد و گوتی: "شا دەچووە ئەو شوێنەی كە ئەوان دەیانویست، بەڵام ئێمە ئێستە توانای خۆڕاگڕیمان هەیە و بە هیچ جۆرێك دەستبەرداری مافەكانمان نابین."

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم كردەوە و رای گەیاند، ئێمە سوورین لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم، چونكە هیچ لایەنێك بۆی نییە پێمان بڵێت چی بكەین، هەروەها كەس مافی ئەوەی نییە داوای سفركردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆممان لێ بكات؛ ئێمە لەسەر ئەم مافە بەردەوام دەبین تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگیش.

عێراقچی تیشكی خستە سەر هەوڵە شكستخواردووەكان بۆ پەكخستنی بەرنامە ئەتۆمییەكەیان و گوتی: "پێشتر هێرشیان كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانمان، بەڵام نەیانتوانی بگەنە هیچ ئەنجامێك، بۆیە ئێستە هیچ ڕێگەیەك لە بەردەمیاندا نەماوە جگە لە گفتوگۆكردن."

لە كۆتایی گوتەكانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە كرد، وڵاتەكەی سەپاندن لە هیچ لایەنێك قبووڵ ناكات. هەروەها دووپاتی لەسەر بنەمای دیپلۆماسی و گفتوگۆ كردەوە و ئامادەیی ئێرانی بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێك پێشان دا.



وشە - پێشەنگ مەحموود