حكوومەتی ئیسرائیل بە ڕوونی بە واشنتنی ڕاگەیاندووە، بەرنامەی مووشەکیی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر مانەوەیان و ئەگەر تاران "هێڵی سوور" ببەزێنێت، ئەوا چاوەڕێی ئەمەریکا ناکەن و بە تەنیا هێرش دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەم 8ی شوباتی 2026، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بە هاوتا ئەمەریکییەکانیان ڕاگەیاندووە، بەرنامەی مووشەکیی بالیستیی ئێران هەڕەشەی بوون و نەبوونە (وجوودی) بۆ سەر دەوڵەتی عیبری، بۆیە تەلئەڤیڤ ئامادەیە ئەگەر پێویست بکات بە شێوەی تاکلایەنە جووڵە بکات.
ڕۆژنامەی "جێروزاڵێم پۆست" لە زاری سەرچاوە تەناهییەکانەوە ئاشکرای کردووە، لە هەفتەکانی ڕابردوودا ئیسرائیل لە ڕێی نامەگەڕیی ئاستبەرزەوە، نیازی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی بەرهەمهێنانی مووشەکیی ئێران بە ئەمەریکا گوتووە.
بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئەمەریکییەکانیان گوتووە، ئەگەر تاران ئەو هێڵە سوورە ببەزێنێت کە بۆ مووشەکە بالیستییەکان دامانناوە، ئێمە بە تەنیا لە ئێران دەدەین.
بەپێی زانیارییەکان، پلانەکان لێدانی شوێنە سەرەکییەکانی دروستکردنی مووشەک لەخۆ دەگرن. هەرچەندە ئیسرائیل دەڵێت هێشتا ئێران نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە، بەڵام بە وردی چاودێرییان دەکەن و ڕێگە نادەن ئێران چەکە ستراتیجییەکانی بۆ ئاستێک بگەڕێنێتەوە کە هەڕەشە بێت.