هیندستان دەستی بەسەر سێ کەشتیی نەوتی ئێراندا گرت بە تۆمەتی "قاچاخچیەتی"

:: PM:08:22:08/02/2026 ‌
میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، دەسەڵاتدارانی هیندستان دەستیان بەسەر سێ کەشتیی گواستنەوەی نەوتدا گرتووە کە پێوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و لەلایەن ئەمەریکاوە سزایان لەسەرە.

ئەمڕۆ یەکشەم 8ی شوباتی 2026، ڕۆژنامەی "دنیای ئیقتیساد"ی ئێرانی بڵاوی کردەوە، دوێنێ شەموو پاسەوانی کەناراوەکانی هیندستان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژئاوای مومبای، سێ کەشتیی نەوتیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری نایاسایی و قاچاخچیەتیی نەوت گرتووە.

بەپێی زانیارییەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی هیندستان، ئەو سێ کەشتییە لە ساڵی 2025دا خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمەریکاوە و خاوەندارێتیی هەرسێکیان بۆ یەک کۆمپانیا دەگەڕێتەوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تۆڕەکە لە ڕێی گواستنەوەی نەوت لە ناو دەریا لە کەشتییەوە بۆ کەشتی و گۆڕینی ناسنامەی کەشتییەکان بەردەوام، هەوڵیان داوە نەوتی هەرزان لە ناوچە کێشەلەسەرەکانەوە بگوازنەوە و خۆیان لە باج و ڕسوومات بدزنەوە.

ئێستە کەشتییەکان ڕەوانەی بەندەری مومبای کراون بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، تا ئێستەیش بەرپرسانی ئێران وەک پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوە، هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.


وشە - پۆڵا مەحموود