سوودانی دەست بە جموجۆڵ دەكات

:: PM:08:48:08/02/2026 ‌

لە ماوەی دوایی و دوای ركابەرییەكی زۆر، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق دەستبەرداری كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بوو، دوای چەند كۆبوونەوەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی مالیكی وەك كاندیدی فەرمیی شیعە بۆ پۆستەكە راگەیاند، بەڵام سەرۆكی ئەمەریكا ئەوی رەت كردەوە، ئێستە سوودانی دەستی بە جموجۆڵ كردووە و چاوی لە پۆستەكەیە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار بەرەی سوودانی- مالیكی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێك هەڵوەشاوەتەوە، ئەو دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ هێزە شیعە نەیارەكانی كردووە، لەناو ئەو قسانەی باسی گوشارێكی سیاسی و ئابووری بۆ كشانەوەی مالیكی دەكەن، بەهۆی سووربوونی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی رەتكردنەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.

بەپێی سەرچاوەكان، دوای پەرەسەندنەكانی دوایی سوودانی دەستی لە پاڵپشتیكردنی مالیكی هەڵگرتووە و بە كردەنی دەستی بە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەی لە سەرەتاوە دژی كاندیدبوونی وەستانەوە، لەوانە گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی و رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە جموجۆڵەكانی سوودانی هاوكاتن لەگەڵ گوشارێكی زۆر لەسەر مالیكی بۆ كشانەوەی لە كاندیدبوون، لەوانە ئاماژەكردن بە رەوانەنەكردنی پارەی فرۆشتنی نەوت لە بانكی فیدراڵیی ئەمەریكاوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ خەڵكی ناڕازی و شەقام، ئەوەش دووپات لەوە دەكاتەوە بابەتی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراقە بۆ ماوەی سێ هەفتە. 

چەند سەرچاوەیەكی سیاسی باسی ئەوە دەكەن هۆكاری هەڵگەڕانەوەی سوودانی لە مالیكی، بەهۆی خۆدزینەوەی مالیكییە لەو رێككەوتنەی لەگەڵ سوودانی بەر لە كاندیدكردنی بە فەرمی ئەنجامی داوە، بەوەی سوودانی پاڵپشتی لە كاندیدبوونی مالیكی بكات و ئەگەر قبووڵ نەكرا، ئەوجارە مالیكی پاڵپشتی لە سوودانی بكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل