نووری مالیكی دەكشێتەوە؟

:: PM:09:10:08/02/2026 ‌

بابەتی كاندیدبوونی نووری مالیكی لەسەر پێكهاتەی شیعە لە عێراق بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بووەتە ئاوێنەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، ئێستە بڕیاری كاندیدبوونی تەنیا پێوەست بە ناوخۆی عێراق نەماوە، لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیش كارتەكان تێكەڵن و باسی پاڵپشتیكردنی و گەڕان بەدوای كاندیدێكی تر دەكرێت.
موجاشیع تەمیمی توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، دۆخی سیاسیی عێراق راستەوخۆ كارلێك لەگەڵ دۆخی ناوچەكە و گفتوگۆی ئێستەی نێوان ئێران و ئەمەریكا دەكات، ئەوەش بە روونی بەسەر دۆسیەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق رەنگ دەداتەوە، ناوی نووری مالیكی بووەتە خاڵی یەكتربڕین لە نێوان ڤیتۆی راگەیەندراوی ئەمەریكا و رەزامەندیی ئێران، ئەوە وای كردووە چانسی مالیكی پێوەست بە هۆكارە دەرەكییەكان بێت زیاتر لەوەی پێوەستە بە هاوسەنگیی ناوخۆیی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی. 

تەمیمی دووپاتی كردەوە، گوشارەكانی ئەمەریكا راستەوخۆ مالیكی ناكەنە ئامانج بەقەدەر ئەوەی گەڕانەوەی نموونەیەكی فەرمانڕەوایەتیی نەیار بۆ ئەمەریكا دەكاتە ئامانج كە پێوەندیی نێوان بەغدا و واشنتن دەشێوێنێت و كار لە سەقامگیریی ئابووری و تەناهیی عێراق دەكات، ئەو گوشارانەش بوونەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی لەناو ماڵی شیعە بۆ مالیكی، بەتایبەتی دوەای دەركەوتنی هێزی گەورە وای دەبینێت كە باجی تێپەڕكردنی مالیكی لە سوودە سیاسییەكانی لەو قۆناغەی ئێستە زیاترە.

لە چەند سەعاتی رابردوو چەند هەواڵێك لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەكان دزەیان پێ كراوە بە ئەگەری كشانەوەی مالیكی لە كێبەڕكێی كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی زۆرینەی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەیشتنە قەناعەتی تێپەڕكردنی مالیكی بەهۆی رەتكردنەوەی ئەمەریكا زۆر زەحمەت بووە، جیا لە پاشەكشەی پاڵپشتیی ناوخۆیی بەهۆی ئەو لێكەوتە سیاسی و ئابوورییەی بە زەحمەت دەتوانرێت بەرگەی بگیرێت، لەناو ئەو زانیارییانەی باسی ئەوە دەكەن كە مالیكی مەرجی بۆ بۆ كشانەوەی داناوە دەبێت شوێنگرەوەی لە دەوڵەتی یاسا بێت، بۆ مانەوەی كاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسی و نەچوونی قورساییەكە بۆ هێزە ركابەرەكانی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل