فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی: هەر شەڕێك كارەساتە بۆ عێراق و بەشداری تیادا ناكەین

:: PM:09:30:08/02/2026 ‌

شارەزایانی تەناهی لە عێراق پێیان وایە بەشێك لە گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبین كە كێشە و ئاڵۆزی بۆ عێراق لەگەڵ ئەمەریكا دروست دەكەن و حەشدی شەعبی وەك هێزێكی فەرمی پابەندە بە رێنوێنییەكانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرماندەیەكی ئەو هێزە دووپاتی دەكاتەوە كە شەڕی ئەمەریكا و ئێران دەبێتە كارەسات بۆ عێراق، بەڵام ئەوان بەشداری تیادا ناكەن.

یاسر حوسێن عیساوی یاریدەدەری سەرۆك ئەركانی حەشدی شەعبی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی دووپاتی كردەوە كە لە حاڵەتی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، حەشدی شەعبی بەشداریی تیادا ناكات، وریایی لەوەش دا كە هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی لەنێوان هەردوولا دەبێتە كارەسات بۆ عێراق و ناوچەكە لەسەر هەردوو ئاستی تەناهی و ئابووری. 

روونی كردەوە، حەشدی شەعبی لەگەڵ لایەنی رەوا دەوەستێت و ئەمەریكا هێرش دەكاتە سەر ئێران، لە حاڵەتی رووخانی رژێمی ئێران، هاوسەنگیی ناوچەكە تێك دەچێت و كەس ناتوانێت بە رووی ئیسرائیل بوەستێتەوە بۆ جێبەجێكردنی پلانە راگەندراوەكەی لە رووباری نیلەوە بۆ رووباری فورات.  

عیساوی روونی كردەوە، هەزار گیراوی داعش لە سووریاوە گەیشتوونەتە گرتووخانەكانی عێراق، هاوكات وریایی لە هەڵاتنی سێ هەزار تیرۆریستی داعش لە كەمپی هۆل دا، كە ئەوانە مەترسییەكی راستەقینەن بۆ هەردوو گۆڕەپانی سووریا و عێراق، باسی ئەوەی كرد كە سنوورەكانی عێراق پارێزراون و شتێك نییە مایەی نیگەرانی بێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل