سێ كەسایەتیی ریفۆرمخوازی ئێران گیران

:: AM:08:32:09/02/2026 ‌
دەسەڵاتدارانی ئێران سێ كەسایەتیی ناسراوی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازیان گرت. بەگوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ پڕوپاگەندەی دوژمن و هاندانی خۆبەدەستەوەدانی ئێران لە دژی ئەمەریكا كردووە.

لە درێژەی گرتن و راوەدوونانی ئەو كەسانەی دژی رژێمی ئێران كاریان كردووە، حكوومەتی ئەو وڵاتە سێ كەسایەتیی ریفۆرمخوازی گرت كە یەكێكیان ئازەر مەنسووری سەرۆكی بەرەی چاكسازییە.

 ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی كردەوە، دامەزراوە تەناهی و دادوەرییەكانی ڕژێمی ئێران، هەریەك لە ئازەر مەنسووری، ئیبراهیم ئەسغەرزادە و موحسین ئەمینزادەیان گرتووە، ئەم كەسایەتییانە وەك سێ لە سەركردە كاریگەرەكانی بەرەی چاكسازی لە ئێراندا دەناسرێن.

ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی ئەم كەسانە كراون، بریتین لە بە ئامانجگرتنی یەكێتیی نیشتمانیی وڵات، گرتنەبەری هەڵوێست دژی دەستووری وڵات، هاوئاهەنگی لەگەڵ پڕوپاگەندەی دوژمن و هاندانی خۆبەدەستەوەدانی ئێران لە دژی ئەمەریكا.

 هەروەها دەزگا تەناهییەكان، تۆمەتباریان كردوون بەوەی كە خەریكی دروستكردنی ڕێكاری تێكدەرانەی نهێنی بوون بۆ تێكدانی سەقامگیریی ئێران.

لە دوای خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكانی ئەمدواییەی خەڵكی ئێران، دەسەڵاتداران كەوتوونەتە گرتنی خەڵك و تا ئێستە بەهەزاران كەسیان لە گرتووخانەكان توند كردووە، دۆخێكی تەناهی و پڕ لە ترسیان لە وڵاتەكە هێناوەتە ئارا.



وشە - سۆران عەزیز