پاش بەدواداچوونی هەواڵگریی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ئۆپراسیۆنێكیان لە ناوچەی ئەبو غرێبی سەربە پارێزگای بەغدا ئەنجام دا و تیرۆریستێكی دیاریان گرت.
بەپێی راگەیەنراوی دەزگاكە، لە ئۆپراسیۆنەكەدا توانرا تیرۆریست (ع-م-خ) داواكراو بە مادەی چوارـی تیرۆر لەلایەن دادگای لێكۆڵێنەوەی بەغداوە بگیرێت.
تاوانبار ئەندامی بەناو رێكخراوی تیرۆریستیی داعشە، بە پلەی سەربازیی (جەنگاوەر) لە ویلایەتی ئەنبار لە كەرتی رۆژئاوای جەزیرە، بەشداریی چەندان كردەوەی تیرۆریستی كردووە بە هێرشكردنە سەر هێزە تەناهییەكان و هاووڵاتییانی سڤیلی شارەكە تۆمەتبارە.
پاش ئازادكردنی پارێزگای ئەنبار لە ساڵی 2015 لەلایەن سوپای عێراقەوە، ئەو تیرۆرستە لەگەڵ چەكدارە هەڵاتووەكانی ئەو كاتەی بەناو رێكخراوی داعش هەڵهاتووە بۆ سووریا، لەوێش بەردەوام بووە لە كردەوە تیرۆرستییەكانی، دواتر بە رێگەی نایاسایی دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، لە سنووری هەردوو پارێزگای ئەنبار و بەغدا دەست بەكاری تیرۆریستی كردووە.