هاووڵاتییەكی كورد لە خورماتوو كوژرا و گومان دەكرێت كێشەكە نەتەوەیی بێت

:: AM:09:02:09/02/2026 ‌
هاونیشتمانییەكی كورد لە شارۆچكەی خورماتوو شەوی رابردوو كوژرا، دەزگا تەناهییەكان رایان گەیاند، هاوڕێكەی كوشتوویەتی، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی "وشە" گومان دەكرێت بابەتەكە سیاسی و نەتەوەیی بێت.

سەرچاوەیەكی تەناهیی لە پارێزگای سەڵاحەدین رای گەیاند، شەوی رابردوو  هاونیشتمانییەكی كورد بەناوی "حەمزە مدحەت" لەلایەن هاوڕێیەكیەوە كوژراوە.
 
بەگوتەی سەرچاوەكە، رووداوەكە لە ناوچەی حەی جمهووری لە خورماتوو رووی داوە، پۆلیس لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكات بۆ زانینی هۆكاری كوشتنەكە.

بەگوتەی هاووڵاتییان كە بۆ "وشە" قسەیان كردووە، حەمزە كوردێكی نیشتمانپەروەر بووە و بەردەوام لەسەر ناهەقی بەرانبەر بەنەتەوەكەی لە خورماتوو قسەی كردووە.

پێشتریش چەندان ڤیدیۆی هەبوو و كەسێكی دیار بووە و باسی ئەو تەعریبە نوێیانەی كردووە كە لە ناوچەی خورماتوو دەكرێن، هاوكات لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستانیشەوە چەندان جار قسەی كردووە.
 
سەرچاوە تەناهییەكە ئاماژەی بەوەش دا كە (ا. ب) بكوژی ئەو هاونیشتمانییە كوردە بووە، لەدوای رووداوەكە لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە گیراوە.



وشە - سۆران عەزیز