سەرۆكی بزووتنەوەی حـەماس لە دەرەوە بێدەنگی شكاند و ڕای گەیاند، هەر جۆرە هەوڵێك بۆ دابەشكردنی سووریای عەرەبی، بەزاندنی "هێڵی سوور"ی ئەوانە.
فەلەستینییەكان بەتایبەت ئیسلامییەكانیان دەمێكە دژایەتیی كورد و پڕۆژە نەتەوەییەكانی دەكەن، لە دێرزەمانەوە بەناوی ئاینەوە رێگەیان لەهەر پڕۆژەیەكی كوردی بۆ دەوڵەت و سەروەریی سیاسی گرتووە و بەكوردیان رەوا نەبینیوە.
لە نوێترین گوتاری حەماس كە ئێستە خۆی وەك هێزێكی ئیسلامیی سیاسی كۆتایی هاتووە، لە ناو تونێلەكانی غەزەدا گیریان خواردووە، لە رۆژانی داهاتووش لە ئیدارە نوێكەی ئەو شارەدا هیچ دەورێكیان نامێنێت، بەرپرسێكی دیاریان كورد بەدۆستی ئیسرائیل پێشان دەدات.
خالید مەشعەل رای گەیاند، ئیسرائیل دەوڵەتی سووریای ناوێت، كوردەكان و درووزەكان و عەلەوییەكانی دەوێت.
گوتی، ئیسرائیل دوژمنایەتیی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەكات و دەیەوێ پێكهاتەی كۆمەڵگەكەی تێكبدات.
خالید مەشعەل سەرۆكی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە دەرەوە دەڵێت، لەگەڵ هەنگاونانی دەسەڵاتی نوێ لە سووریا، ئیسرائیل دەستی كرد بە دوژمنایەتیكردنی، نەك تەنیا لە سنوورەكانی و جەبەل شێخ و گوندەواری دیمەشق و داماڵینی چەك لە دیمەشقەوە تا دەگاتە سنووری فەلەستینی داگیركراو، بەڵكو دەیانەوێ پێكهاتەی كۆمەڵگەی سووری تێكبدەن.
مەشعەل لە كۆڕبەندی كەناڵی "الجزیرە" كە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو، گوتیشی: ئیسرائیل دەوڵەتی سووریای ناوێت، بەڵكو كوردەكان و درووزەكان و عەلەوییەكانی دەوێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە سووریا بە دەوڵەتی نازانن، بەڵكو بە هەرێمێكی سوننی دادەنێن.
مەشعەل بە دەنگێكی بەرز ڕای گەیاند، هەر جۆرە هەوڵێك بۆ دابەشكردنی سووریای عەرەبی، بەزاندنی "هێڵی سوور"ی ئێمەیە، حەماس دژی هەر پڕۆژەیەكە كە مەبەستی پارچەكردنی سووریای عەرەبی بێت.