دەزگای تورگوت ئۆزال رای گەیاند، بەمنزیكانە ڕاپۆرتێك بە ناوی "باشووری ڕۆژهەڵات" كە لەلایەن تورگوت ئۆزال ئامادە كرابوو لەبارەی چارەسەركردنی پرسی كورد، بەشێوەی نامیلكە بڵاو دەكاتەوە.
ماڵپەڕی (AMED) بڵاوی كردەوە، دوای تێپەڕبوونی چەندان ساڵ بەسەر مردنی تورگوت ئۆزال سەرۆكی توركیا كە ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرەكردنی پرسی كورد لە ساڵی (1990).
سەمیح نارلی سەرۆكی دامەزراوەی تورگوت ئۆزال دەڵێت، "گەورەترین هیوای ئۆزال، هەموو پێكهاتەكان یەكگرتوو بە برایەتی و ئاشتی لەناو توركیایەك بە هێزەوە بژین، ئەگەر ئۆزال زیاتر تەمەنی درێژ بوایە توركیا دەگەیشتە خاڵێكی جیاوازتر ."
لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێكی تایبەت پێوەست بە چارەسەركردنی پرسی كورد نارلی رای گەیاندووە، لە سەردەمی ئۆزال، خۆی سەرپەرشتی ڕاپۆرتێكی بەناوی "كێشەی باشووری ڕۆژهەڵات" كە دوو وەزیری راسپاردبوو بۆ ئامادەكردنی ئەو ڕاپۆرتە، تێیدا سەرنجی خستووەتە چارەسەركردنی كێشەكانی كورد بەشێوەی دیالۆگ لەبری بەكارهێنانی چەك لە نێوان سەربازانی توركیا و چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە.
لەبارەی كێشەی كورد سەرۆكی دامەزراوەی تورگوت ئۆزال ئاشكرای دەكات، بەمدواییانە چەند پەیامێكی ئیمراڵی راگەیەنرا كە تورگوت ئۆزال، لە رابردوو بە عەبدوڵا ئۆجەلانی راگەیاندبوو هەرگیز خەباتی چەكداری سوودی بۆ هیچ لایەنێك نابێت.
هەروەها دەشڵێت، بەمنزیكانە ئەو ڕاپۆرتەی كە ساڵانی نەوەتەكان لەلایەن تورگوت ئۆزال ئامادە كراوە، بەشێوەی نامیلكە بڵاو دەكەینەوە و بەسەر هەموو لایەنە سیاسییەكانی توركیا دابەشی دەكەین، ئەو نامیلكەیە دەبێتە میراتگری رۆحی ئۆزالی و هەرگیز جارێكی تر توركیا لە توانایدا نییە تورگوت ئۆزاڵێكی تر لە دەست بدات، چونكە رژدیی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی كورد و كپكردنی چەكەكانی هەبووە.
جێگەی ئاماژەپێدانە، تورگوت ئۆزال هەشتەمین سەرۆك كۆماری توركیا، لە (17)ـی نیسانی (1993) بەشێوەیەكی گوماناوی بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لە دەست دا، لە ساڵانی نەوەتەكان هەوڵی چارەسەركردنی پرۆسەی ئاشتی دا لەگەڵ پەكەكە، كوڕە گەورەكەی ئۆزال لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی نوێ رای گەیاند، بەهۆی ئەوەی باوكی دەستی بردووە بۆ پرسی كورد، ژەهرخوارد كراوە و بەهۆی نەخۆشییەوە نەمردووە.