ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات "مەسەدە" بەیاننامەیەكی لەبارەی رەوشی كۆبانێ بڵاو كردەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، گەمارۆی كۆبانێ تاوانێكی دژ بە مرۆڤایەتییە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، ئەو گەمارۆدانە زیاتر لە ملیۆنێك كەسی دانیشتووانی ڕەسەنی كۆبانێ و كۆچبەرانی عەفرین، شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە، تەبقا، ڕەقە و گوندەوارەكان دەكاتە ئامانج.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەهۆی ئەو گەمارۆیە، كارەبا و ئاو پچڕاوە، ڕێگە نادرێت كەلوپەلی پزیشكی و خۆراك و سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەكان بچنە ناو كۆبانێ، بەردەوامی ئەم دۆخە تراژیدییە، ژیانی خەڵكی سڤیلی بە تایبەتی منداڵان، نەخۆش و خاوەنپێداویستییە تایبەتەكان دەخاتە مەترسییەوە، پێداویستیی پزیشكی و دەرمان لە ناوەندە تەندروستییەكان تەواو دەبێت، زۆربەی دوكانەكان چۆڵ بوون و ڕۆژانە داخراون، ژیانی ڕۆژانە بووەتە شەڕی بوون.
هەروەها دووپات دەكەنەوە، کە گەمارۆكە تاوانی جەنگ و سزای بەكۆمەڵە، كۆبانێ كە بوو بە سیمبولی بەرخۆدان دژی تیرۆر، ئەمڕۆ كراوەتە ئامرازێكی سیاسیی فشار و سزا دەدرێت، گەمارۆدانەكە تۆڵەسەندنەوەیەكی مەترسیدارە بەرانبەر بە ئیرادەی ئەو گەلەی كە لە پلەی یەكەمدایە كە جیهانی لە مەترسی داعش پاراست، ئەو گەمارۆیە تاوانێكە دژی مرۆڤایەتی و پێشێلكردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، لایەنە پێوەندیدارەكان لە ڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە بەرپرسیارن لە قوربانییانی ئەو گەمارۆیە.
داوایش لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكەن، بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر كۆبانێ هەنگاو بنێت، هەروەها داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش و ڕێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان دەکەن، لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ ناوچەكە بنێرن و ڕێڕەوی مرۆیی بكەنەوە و ئەو ڕووداوانە وەك تاوان دەستنیشان بكەن و داوای لێپرسینەوە بكەن.