هێزی دەریایی ئەمەریکا هۆشداریی بەپەلە دەدات: گوێ لە فەرمانەکانی ئێران مەگرن و لێیان دوور بکەونەوە

:: PM:07:21:09/02/2026 ‌
ئیدارەی دەریایی ئەمەریکا ڕێنمایی بەپەلەی بۆ ئەو کەشتییانە دەرکرد کە ئاڵای وڵاتەکەیان هەڵکردووە و داوایان لێ دەکات، ڕەتی هەر فەرمانێک بکەنەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەردەچێت.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی شوباتی 2026، ئیدارەی دەریایی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، پێویستە کەشتییەکان فەرمانەکانی ئێران جێبەجێ نەکەن، مەگەر ئەو کاتەی کە ئاسایش و سەلامەتیی کەشتییەکە بکەوێتە مەترسیی ڕاستەوخۆوە.

لە بەشێکی تری هۆشدارییەکەدا، ئامۆژگاریی کەشتییە ئەمەریکییەکان کراوە کە لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێران دوور بکەونەوە، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی دەریاوانی و دوورکەوتنەوە لە هەر پێکدادانێک لە ناوچەکەدا.

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە چاوەکان لەسەر گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانن، هاوکات واشنتن ئاماژە بە مەرجی توندتر دەکات و ئیسرائیلیش گوشار دەکات بۆ ئەوەی هەر ڕێککەوتنێک بکرێت، سنووردارکردنی زیاتر لەخۆ بگرێت و تەنیا تایبەت نەبێت بە دۆسیەی ئەتۆمی.



وشە - پۆڵا مەحموود