لە سایەی ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە، بەتایبەتی كێبەركێی ناوخۆی هێزە سیاسییەكانی عێراق و سازشنەكردنیان بۆ یەكتر و كاریگەریی ناكۆكی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر عێراق، كە زۆر بە جوانی لە پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت رەنگی داوەتەوە، شارەزایان پێیان وایە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دوا دەكەوێت.
د. ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسی پێی وایە سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، عێراق لە تەنگژەیەكی قووڵدایە و رەنگە ئەو دۆسیە چەند مانگێك بخایەنێت، دووپاتی كردەوە، كاندیدكردنی نووری مالیكی دۆخەكەی ئاڵۆز كرد، ریشەی تەنگژەكە بۆ هێزە سیاسییە شیعەكان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە ئەویان بۆ پۆستەكە كاندید كرد دەگەڕێتەوە.
ئەو توێژەرە سیاسییە بە دووری نازانێت هێزە كوردییەكانیش لەو دواخستە بەشدار بووبن لە رێگەی رێكنەكەوتنیان لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام كاندیدكردنی مالیكی بە زۆرینەن بووە هۆی دەركەوتنی ناكۆكیی قووڵ لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گەیشتە ئاستی یەكتر تۆمەتباركردن.
شمەری ئاماژە دەكات كە شكستهێنان لە پێكهێنانی حكوومەت و پێشێلكردنی وادە دەستوورییەكان، جۆرێك لە ساردی لە نێوان هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دروست دەكات، كە لە هەڵوێستێكی نەخوازراودایە، ئەوەش لێكترازان و ناكۆكیی چوارچێوە زیاتر دەكات.
ئەو توێژەرە سیاسییە ئاماژە دەكات كە لەبەردەم چەند سیناریۆیەكین، لەوانە بەردەوامیی ناكۆكییەكان لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە رەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەبێت، ئەوەش واتە ئەو پەككەوتنەی هەیە چەند مانگێكی تر بەردەوام دەبێت، بەڵام دووریش نییە بابەتەكە بە دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش لە نێوان هێزە شیعەكان كۆتایی بێت، بەتایبەتی لە سایەی قبووڵنەكراویی ناوخۆیی و دەرەكیی مالیكی و سوودانی.