70 پەرلەمانتاری بەریتانی داوای پاراستنی كورد دەكەن

:: PM:05:32:10/02/2026 ‌
زیاتر لە 70 پەرلەمانتار و لۆردی پارتی كرێكاران و پارێزگاران لە بەریتانیا، نامەیەكیان بۆ ئیڤێت كووپەر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نارد و تێیدا باسی رۆژئاوای كوردستانیان كردووە كە بەپێویستی دەزانن گەلی كورد پارێزراو بێت. 

بە گوێرەی نامەكە، ئەوان رایانگەیاندووە كە  وڵاتەكەیان قەرزاری ژن و پیاوانی كوردە كە ساڵانێكە دژی تیرۆری داعش بەرخۆدان دەكەن و هەنگاونان لەم قۆناغە سەختەدا، كەمترین وەڵامە بۆ گێڕانەوەی ئەم قەرزە.

هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە بەهۆی هێرشی گرووپەكانی سەر بە ئەحمەد شەرعەوە زیاتر لە 150 هەزار كەس كۆچبەر بوون و بەهۆی هەبوونی تەقەمەنی و پاشماوەكانییەوە هەزاران خەڵكی مەدەنی لە زێدی خۆیان هەڵهاتوون، ئەو گرووپانەش كە هێرشیان كردووەتە سەر هەسەدە ناویان لە لیستی تیرۆری بەریتانیادایە، لەوانە "لیوای حەمزات" و "سوڵتان موراد" و "سوڵتان سولەیمان شا" كە تاوانبارن بە هێرشكردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی.





وشە - وشه‌