کۆنگرێسی ئەمەریکا: چەکی سپیمان نەداوەتە شەرع و هێرشکردنە سەر كورد قبووڵ ناکەین

:: PM:08:35:10/02/2026 ‌
سەرۆکی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە سەرۆکی سووریا و ڕای دەگەیەنێت، هێرشکردنە سەر هەسەدە قبووڵکراو نییە و هەڵگرتنی سزاکانیش لەسەر دیمەشق بە مەرجی پاراستنی کەمینەکان بووە، نەک پێدانی "چەکی سپی".

ئەمڕۆ سێشەم 10ی شوباتی 2026، براین ماست سەرۆکی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا، لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەکە لەبارەی بارودۆخی سووریا ڕای گەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا چەندان ڕووداومان بینیوە لە دژی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، هێشتا چەندان ئالنگاری لە سووریا هەن بۆ ئەوەی بگەنە حوکمڕانییەکی باش.

ماست ئاماژەی بە کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا کرد و گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی چەندان پرس و ئالنگاریمان کرد، بەتایبەت ئەو چەکدارە بیانییانەی لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن.

سەرۆکی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوە بە ڕوونی هەڵوێستی واشنتنی ئاشکرا کرد و گوتی، ئەو هێرشانەی کرانە سەر هەسەدە کە هاوپەیمانی ئێمەن، قبووڵنەکراون. چەندان هەنگاو لە دژی هەسەدە و ئەو گرتووخانانەی چەکدارانی داعشیان تێدایە نراون، کە ئەمە جێگەی نیگەرانییە.

لەبارەی ڕابردووی سەرۆکی سووریاوە، براین ماست گوتی، ئێمە دەزانین سەرۆکی سووریا پێشتر چەکداری قاعیدە بووە، شەرع پێی گوتووین دەیەوێت خۆی لە ڕابردووی ڕزگار بکات و کار بۆ گەلەکەی بکات، بەڵام ئێستە سووریا هیچ نزیک نییە لەو شوێنەی پێویستە لێی بێت و ئەمەریکا ئاسوودە نییە بەوەی ڕوو دەدات.

ماست دووپاتی کردەوە، دیمەشق بۆ دواوە دەچێت، ئەوەی لە دژی کورد و عەلەوی و درووز دەکرێت، مەلەکردنە بە پێچەوانەی ئاراستەکەوە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، براین ماست پەیامێکی توندی ئاراستەی دیمەشق کرد و گوتی "سەرۆک شەرع هیچ چەکێکی سپی  لە ئەمەریکاوە پێ نەدراوە، سزاکانمان لەسەر سووریا لاداوە بۆ ئەوەی کاری باش بۆ وڵاتەکەی بکات، بەڵام پێمان گوتووە کە دەبێت مەرجەکان جێبەجێ بکات، لەوانەش تێكەڵکردنەوەی هێزەکان و پاراستنی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان".

سەبارەت بە ڕێککەوتنەکەی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ماست ڕای گەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی مانگی پێشوو لە نێوان ئەحمەد شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵووم کرا من بینیم، هەنگاوێکی باش بوو، بەڵام ئەمەریکا چاوەڕێی کردارە نەک قسە.



وشە - پۆڵا مەحموود