درووزەکان داوا دەکەن بخرێنە سەر پڕۆژەیاسای پاراستنی کورد

:: PM:10:42:11/02/2026 ‌
لە دانیشتنێکی تایبەت و نائاساییدا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، نوێنەرانی پێکهاتەی درووز هەوڵ دەدەن ددان بە کۆمەڵکوژییەکەیاندا بنرێت و داواش دەکەن ناویان بچێتە ناو پڕۆژەیاسای "پاراستنی کورد".

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەمشەو چوارشەم 11ی شوباتی 2026،  دانیشتنێکی تایبەت لە باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت. دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرێس و بڕیار بەدەستانی ئەمەریکا دەبێت.

دانیشتنەکە لەلایەن ڕێکخراوەکانی "درووز نێکسەس"، "درووز گڵۆباڵ" و چالاکوانی ئەمەریکی تیم بالارد ڕێکخراوە. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە پشتیوانیی کۆنگرێس بەدەست بهێنن بۆ داننان بەوەی کە هێزەکانی حكوومەتی سووریا کۆمەڵکوژییان دژی درووز ئەنجام داوە.

خاڵێکی گرنگی دانیشتنەکە بریتییە لە داواکردنی مافی چارەی خۆنووسین و لکاندنی درووز بە پڕۆژەیاسای پاراستنی کورد. هەروەها بڕیارە لە دانیشتنەکەدا، وتارێکی تۆمارکراوی شێخ موەفەق تەریف ڕێبەری ڕۆحیی درووزەکان پەخش بکرێت.





وشە - پۆڵا مەحموود