ئەنجوومەنی ئاسایش هاتە دەنگ: دەبێت دیمەشق مافی کورد بپارێزێت و ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات

:: AM:09:46:13/02/2026 ‌
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە فەرمی پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە دەکات و داوا دەکات نوێنەرانی کورد تێکەڵ بە حكوومەت بکرێن و مەرسوومی ژمارە 13 جێبەجێ بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنەکان پابەندی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بن کە مانگی ڕابردوو لە نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" واژوو کرا.

ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دووپاتیان کردەوە، حكوومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی سەرەکیی لە ئەستۆیە بۆ پاراستنی سەرجەم هاووڵاتییانی وڵاتەکە، بە کوردیشەوە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، پێشوازی لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13 کراوە کە تایبەتە بە زامنکردنی مافەکانی کورد. ئەنجوومەنی ئاسایش هانی لایەنەکان دەدات بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتنی زیاتر لە پرسی تێکەڵکردنی نوێنەرانی کورد لە ناو حكوومەت و گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

جێی باسە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سووریا، لە 16ی کانوونی دووەمی ڕابردوو مەرسوومێکی دەرکرد کە تێیدا ددانی بەوەدا نا کورد بەشێکی ڕەسەنی گەلی سووریایە و زمانی کوردیشی وەک زمانی نیشتمانی ناساند، هەروەها یاسا نائاساییەکانی پەیوەست بە سەرژمێریی ساڵی 1962ی حەسەکەی هەڵوەشاندەوە.

دوای ئەوەش لە 30ی کانوونی دووەم، ڕێککەوتنێکی گشتگیر کرا کە تێیدا هێزە کوردییەکان ناوەندە سەربازییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانیان ڕادەستی هێزەکانی حكوومەت کردەوە.



وشە - پۆڵا مەحموود