سەرچاوەیەکی تەناهی لە پارێزگای دیالە ڕای گەیاند، بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ناوچەیەک لە ڕۆژهەڵاتی بەعقووبە بە گولەهاوەن بۆردمان کرا، هۆکارەکەشی بۆ کێشەی "جنائی" دەگەڕێنرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، شەوی ڕابردوو ناوچەی "بەدعە" لە دەوروبەری شارەدێی کەنعان لە ڕۆژهەڵاتی شاری بەعقووبە، کراوەتە ئامانجی چوار گولەهاوەن کە سەرچاوەکەیان نەزانراوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە دۆخی تەناهیی ناوچەکانی دەوروبەری کەنعان تا دەگاتە "قەمبەر و بەدعە"، ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیوە و پێشتریش هێرش بە مووشەکی (RPG-7) و چەکی مامناوەند کراوەتە سەر ئەو سنوورە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر هەیە هۆکاری ڕووداوەکە "تاوانی جنائی" و ململانێی نێوان لایەنەکان بێت لەو ناوچەیەدا. سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە کە پارێزگای دیالە نزیکەی چوار ساڵە ڕووداوی کەوتنی گولەهاوەنی تێدا تۆمار نەکراوە.